بە جێگیربوونی ھێزیکی پێشمەرگە ، بەشێکی زۆری دانیشتوانی گوندی لهێبان گەڕانەوە
دوای هاتنی هێزی پێشمەگە بۆ گوندی لهێبانی سەرگەڕان لەسنوری پارێزگای کەرکوک، بەرەبەیانی ئەمڕۆ دوشەممە دانیشتوانی گوندی لهێبان گەڕانەوە سەر ماڵەکانیان و لەم کاتەدا هیچ چەکدارێکی داعش لە گوندەکەدا نەماوە.
بە پێی ھەواڵێکی میدیای خەندان ، کاکەمین نەجاڕ، سەرپەرشتیاری ئەو هێزەی پێشمەرگە کە چوەتەناو گوندی لهێبان بە رۆژنامەنوسانی راگەیاند، هێزێکی پێشمەرگەی سەر بە فەرماندەی فەرماندەیی هەولێر لەگوندەکەدا جێگیر دەکەن و لەئێستادا 30 خانەوادە گەڕاونەتەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، بەشێکی چۆڵکردنی گوندی لهێبان "پیلانێک بووە بۆ بەعەرەبکردنی گوندەکە".دوای ئەوەی شەوی رابردو گوندی لهێبانی سەرگەڕان لەسنوری پارێزگای کەرکوک بەهۆی هەڕەشەی گروپی چەکدارانی داعش بەتەواوی چۆڵکرا، بەرەبەیانی ئەمڕۆ هێزێکی پێشمەرگەی سەر بە فەرماندەیی هەولێر چونەتە ناو گوندەکە.
شەوی رابردو گوندی لهێبان بەتەواوی چۆڵکرا و دانیشتوانی گوندەکە رایانگەیاندبو، ناوچەکەیان هیچ هێزێکی ئەمنی لێ نیە و بۆ پاراستنی سەلامەتی گیانی خۆیان و خێزانەکانیان بەبێ ئەوەی هیچ شتێک لەگەڵ خۆیان بهێنن، گوندەکەیان کە 15 ماڵی تێدابووە بەتەواوی چۆڵکردوە.
ئاماژەیان بەوەشکردبوو، گوندەکەیان کە دەکەوێتە چیای قەرەچوغ بەدیوی ناحیەی سەرگەڕان بەهۆی مەترسییەکانی داعش کە ماوەی چەند رۆژێکە لەسنوری گوندەکەیان هاتوچۆ دەکەن و ئێوارەی دوێنێ 35 چەکداری داعش بینراون بەرەو گوندەکەیان هاتوون، بۆیە گوندەکەیان چۆڵکردووە.
نزیکەی هەفتەیەکە هێرشەکانی داعش بۆ سەر پێشمەرگە زیادیان کردوە، بەرپرسە سەربازییەکان هۆکاری زیادوونی هێرشەکانی داعش بۆ ئەو بۆشاییە ئەمنییە دەگەڕێننەوە کە لە نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراقدا هەیە، دوایین هێرشی داعش شەوی پێنجشەممە بوو.
پێشتریش لە ماوەی هەفتەیەکدا چەکدارانی داعش دو هێرشی دیکەیان کردبوو کە بە هەردوکیانەوە 12 پێشمەرگە و چەندین هاوڵاتی شەهیدبوون.