کانونی یه‌که‌م 12, 2021 15:42 Asia/Tehran
  • به‌هۆی بۆردومانه‌کانی تورکیاوه‌، ده‌وام له‌ سه‌رجه‌م فه‌رمانگه‌کانی شه‌نگال راگیرا

ئه‌نجومه‌نی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری دیموکراتی شه‌نگال رایگه‌یاند، به‌هۆی به‌رده‌وامی بۆردومانه‌کانی فڕۆکه‌ جه‌نگیه‌کانی تورکیا و دروستبونی مه‌ترسی له‌سه‌ر هاوڵاتیان، بڕیاردرا به‌ راگرتنی ده‌وام له‌سه‌رجه‌م فه‌رمانگه‌ و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌کانی قه‌زای شه‌نگال تا کاتێکی نادیار.

به‌گوێره‌ی نوسراوێکی ئه‌نجومه‌نی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری دیموکراتی شه‌نگال که‌ ئاراسته‌ی سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کانی کردوه‌ رایگه‌یاندوه‌، وه‌ک قه‌زای شه‌نگال و ناحیه‌کانی ده‌وروبه‌ری، بڕیاریانداوه‌ به‌ قه‌ده‌غه‌ی کارکردن له‌سه‌رجه‌م به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی و فه‌رمانگه‌ حکومی و ناحکومیه‌کان و کارکردنی سه‌رجه‌م رێکخراو و داموده‌زگاکان.

هه‌ر به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌که‌، به‌هیچ جۆرێک ده‌وامی فه‌رمانبه‌ران ناکرێت و بڕیاره‌که‌ش تا کاتێکی نادیار جێبه‌جێده‌کرێت، هه‌رکه‌سێکیش سه‌رپێچی له‌و بڕیاره‌ بکات به‌رپرس ده‌بێت له‌هه‌ر روداوێک که‌ روبدات.

بڕیاره‌که‌ی ئه‌نجومه‌نی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری دیموکراتی شه‌نگال دوای ئه‌وه‌ دێت له‌ماوه‌ی چه‌ند رۆژی رابردودا، تورکیا له‌ڕێگه‌ی فڕۆکه‌ی جه‌نگیه‌وه‌ بۆردومانه‌کانی بۆسه‌ر قه‌زاکه‌ چڕکردوه‌ته‌وه‌ و دواینیشیان شه‌وی رابردو بو که‌ باره‌گای ئه‌نجومه‌نی گه‌لی خانه‌سۆری له‌ سنوری قه‌زای شه‌نگال بۆردومانکرد.

له‌ ڕۆژی 7ی ئه‌م مانگه‌، له‌بۆردومانێکی فڕۆکه‌ی بێفڕۆکه‌وه‌انی سوپای تورکیادا له‌ کۆمه‌ڵگه‌ی خانه‌سۆر، مه‌روان به‌ده‌ل خودێدا هاوسه‌رۆکی ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری شه‌نگال کوژرا و دو منداڵیشی که‌ له‌گه‌ڵیدا بون به‌سوکی برینداربون.

سەرپەیڤ