بڕیاری قەدەغە ڕۆییشتنی میدیاکان بۆ نێو دەڤەرەکانی ژێر ڕکێفی پێشمەرگە دەرچوو
لە کۆبوونەوەیەکی نێوان وەزارەتی پێشمەرگەو فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان،بڕیاری قەدەغە ڕۆییشتنی میدیاکان بۆ نێو دەڤەرەکانی ژێر ڕکێفی پێشمەرگە دەرچوو.
ڕۆژی دووشەممە وەزیری پێشمەرگەو وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە و تاوتوێی داڕشتنی میدیایەکی سەربازیانەی نیشتمانی و شانەی ڕاگەیاندن و هۆشیاریی پێشمەرگەیان کرد.
کۆبوونەوەکە لەنێوان وەزارەتی پێشمەرگە بەئامادەبوونی «شۆڕش ئیسماعیل» وەزیری پێشمەرگە و «جوتیار عادل» فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو.
بەپێی ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەکە، جەختکرایەوە لەسەر هەماهەنگی و کاری هاوبەشی میدیایی، بۆ ڕێکخستنەوەی ڕاگەیاندنی سەربازی بەگشتی و میدیای فەرمیی وەزارتی پێشمەرگە بەتایبەتی، هاوکات بڕیاری قەدەغەی ڕۆییشتنی میدیاکان بۆ نێو بەرەکانی شەڕو دەڤەرەکانی ژێر ڕکێفی پێشمەرگە وەک هەنگاوێکی گرنگ باسی لێوەکرا.
«شۆڕش ئیسماعیل» وتیشی: ھەڵبەت دیارە ئەو بڕیارەیان بۆ بەرتەسککردنەوەی ئازادیی ڕۆژنامەوانی نیە، بەڵکو ڕێکخستنەوەیەتی و لە قازانجی پێشمەرگه و ئاسایشی نەتەوەکەمان دایە.
لەلایەکی دیکەوە «جوتیار عادل» سەرۆکی فەرمانگەی میدیاو زانیاری، جەختیکردەوە لەسەر هاوکاری و هەماهەنگیی حکومەت، بۆ سەرخستنی ئەو بڕیار و ڕاسپاردانەی، کە دەرکراون بۆ کاری هاوبەش.
هەروەها دەستخۆشیی لە وەزارەتی پێشمەرگە کرد کە پڕۆژەی ستراتیژی میدیا و هۆشیارییان تەواوکردووە و لە ئێستاشدا، وەک هەنگاوی یەکەم شانەی ڕاگەیاندن و هۆشیاری پێشمەرگە لە قۆناغی تەواوبوون دایە، هەروەها بۆ دروست کردنی شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی هەرێمی کوردستان، بیروڕا ئاڵوگۆڕ کراو هەردوولا کۆک بوون لەسەر پێویستیی چالاک کردنی ئەو شانەیە.