نیگەرانیی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان لە هێرشەکەی داعش لە دیالە
وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە هێرشەکەی دوێنێی چەکدارانی داعش بۆسەر هێزە عێراقییەکان لە دیالە ڕایگەیاند، دەرکەوتنەوەی ئەو چالاکییە تیرۆریستییانە مەترسیدارە و هەماهەنگیی نێوان پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان پێویستییەکی هەنوکەییە.
لە ڕاگەیەندراوێکدا وەزارەتی پێشمەرگە سەرکۆنەی هێرشەکەی دوێنێی چەکدارانی داعش بۆسەر هێزە عێراقییەکان دەکات، کە بەهۆیەوە 11 ئەندامی هێزە عێراقییەکان کوژران، جەختدەکاتەوە، ئەو کردەوانە ئەرکی پێکەوەیی و هەماهەنگی و هاوکارییەکانی هەردوولا زیاتر دەکات و پێویستییەکی هەنوکاییە.
وەزارەتی پێشمەرگە پێیوایە، “دۆخی ئێستای ناوچەکە و دەرکەوتنەوەی چالاکییە تیرۆریستیەکان و زیندبوونەوەی شانە نووستووەکان مەترسیەکی هەستپێکراوە”، بۆیە داوادەکات، “پێداچوونەوە بکرێت و ڕێوشوێنی جددی بگیرێتەبەر بۆ چڕکردنەوەی هەوڵەکان و کۆکردنەوەی زانیاریی زیاتر لەپێناو ڕاوەدونان و تێکشکاندنی تەواوەتی شانە نووستووەکانی تیرۆریستان”.