وتەبێژی حکومەتى هەرێمى کوردستان:حکومەتى هەرێمی کوردستان پابەندە دەبێ بە رێککەوتن و گرێبەستە نەوتییەکان
لەپاش بڕیارەکەى دادگاى فیدراڵى دژى کەرتى نەوت و غازى هەرێم. وتەبێژی حکومەتى هەرێمى کوردستان دڵنیایی دەداتە کۆمپانیا نەوتییەکان کە پابەند دەبن بە رێککەوتن و گرێبەستەکان.
بەپێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە میدیاکانی ھەرێمی کوردستان، «جوتیار عادل» وتەبێژى حکومەتى هەرێمی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنی داڕایگەیاند: کۆمپانیا نەوتییەکان دڵنیا دەکەینەوە کە پابەندین بە رێککەوتنەکانمان بەرامبەریان و گومان لە هیچ رەفتار و بریارێکى خۆمان ناکەین لە کەرتى نەوتدا، ئەو بڕیارانەى داومانە دەستورى و یاسایین و ئێستاش لەگەڵ بەغدا بەردەوامین لە گفتوگۆ.
وتیشى: ئێمە ئامادەبووین بەهاى ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت و نیوەى داهاتە فیدراڵییەکان رادەستى بەغدا بکەین، دواتر چاودێرى دارایی هاتە هەرێم و وردبینى کرد لەو بارەیەوە، بەڵام بڕیارەکەى ئێستا هەموو ئەو هەوڵانە دەخاتە ژێر پرسیارەوە و کۆسپ لە بەردەم هەردوو حکومەت دروست دەکات.
جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە: پابەندین بە رێککەوتنەکانمان لەگەڵ بەغدا، هەموو رێکارە دەستوری و یاساییەکان دەگرینەبەر بۆ بەرگریکردن لە مافە دەستورییەکان و پاراستنى رێککەوتنەکان و گرێبەستەکان لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییەکان دا.