فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە کۆبوونەوەکەی چوارشەممەدا بەشداری ناکات
موسەننا ئەمین، ئەندامی فراکسیۆنی یەکگرتوو لە پەرلەمانی عیراق رایگەیاند، بەشداری دانیشتنی رۆژی چوارشەممە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار ناکەن و دەشڵێت، ئەو بارودۆخەی دروست بووە مەترسیی ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازیی هەیە و ئەوەی پارتی دەیکات کارێکی هەڵەیە.
موسەنا ئەمین، ئەندامی فراکسیۆنی یەکگرتوو لە پەرلەمانی عیراق لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند، "وەک یەکگرتوو بەشداری کۆبوونەوەی رۆژی چوارشەممە 30ی ئادار، بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار ناکەین و بەردەوام دەبین لە بایکۆت کردن".
وتیشی، "پێموایە ئەگەر جۆرێک لە رێککەوتن نەیەتە ئاراوە و بەو بارودۆخەی ئێستا هەیە ئەوەی رۆژی شەممە روویدا، جارێکی دیکە رۆژی چوارشەممە روودەداتەوه".
روونیشیکردەوە: "ئەوەی پارتی کردوویەتی و چووەتە پاڵ بەشێک لەلایەنەکان مەترسی گەورەی لەسەر کوردستان و هاووڵاتیان و خودی پارتیش هەیە و لە بەردەوامی ئەو دۆخەی دروست بووە، مەترسی رووبەڕووبوونەوەی چەکداریی لە عیراق هەیە".
ئەوەشی خستەڕوو: "بایکۆتکردنی کۆبوونەوەکە لەلایەن ئێمەوە بۆ ئەوەیە کە نەبینە بەشێک لەو دۆخە و ئەو مەترسییانەی کە هەیە و دەبێت".