نیسان 10, 2022 07:12 Asia/Tehran
  • که‌لوپه‌ل و دۆکۆمێنته‌کانی مه‌لیک مه‌حمود لە ھیندستانەوە ده‌گه‌ڕێندرێنه‌وه‌ ھەرێمی کوردستان

بڕیاره‌ ئەمڕۆ یه‌کشه‌ممه‌، له‌سه‌ر بانگهێشتنامه‌ی فه‌رمیی کۆماری هیندستان، د. هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌کر پارێزگاری سلێمانی سه‌ردانی ئه‌و وڵاته‌ بکات له‌و باره‌یه‌شه‌وه‌ رایگه‌یاند، بڕیاره‌ هه‌مو که‌لوپه‌ل و دۆکۆمێنته‌کانی مه‌لیک مه‌حمودی نه‌مر مه‌لیکی کوردستان له‌ هیندستانه‌وه‌ بۆ سلێمانی بگوێزرێنه‌وه‌.

 

بە پێی ھەواڵێکی میدیای خەندان ، به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوێکی پارێزگای سلێمانی، ئێواره‌ی دوێنی شەممە به‌ سه‌رپه‌رشتی د.هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌کر پارێزگاری سلێمانی و پراشانت پایس باڵیۆزی کۆماری هیندستان له‌ عێراق و به‌ ئاماده‌بونی سوبھاش که‌ین کونسوڵی گشتیی کۆماری هیندستان له‌ هه‌رێمی کوردستان و شاندی هاوڕێی، سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی، جێگری پارێزگاری سلێمانی بۆ کاروباری هونه‌ری، سه‌رۆکی سه‌ندیکای هونه‌رمه‌ندانی کوردستان، به‌ڕێوه‌به‌ره‌ گشتیی و فه‌رمانگا په‌یوه‌ندیداره‌کان و نشینانی هیندستان له‌ هه‌رێمی کوردستان و سلێمانی، په‌رده‌ له‌سه‌ر په‌یکه‌ری که‌سایه‌تیی گه‌ردونیی و هێمای ئاشتیی و پێکه‌وه‌ژیان (مه‌هاتما گاندی) له‌ پارکی هه‌واری شار لادرا.

له‌ مه‌راسیمه‌که‌دا باڵیۆزی کۆماری هیندستان له‌ عێراق وێنه‌یه‌کی ته‌واوی ڕه‌سه‌نی ده‌ستوری به‌ده‌ستنوسراوی هیندی پێشکه‌ش به‌ پارێزگاری سلێمانی کردو له‌ کۆنگره‌یه‌کی ڕۆژنامه‌گه‌رییدا پارێزگاری سلێمانی و باڵیۆزی کۆماری هیندستان له‌ عێراق له‌ به‌های مرۆیی و کاری پێکه‌وه‌یی و هاوبه‌ش و ئاشتیی و خۆشه‌ویستیی و لێبورده‌یی و پێکه‌وه‌ژیانی نێوان گه‌لان، له‌م دۆخه‌ ناجێگیرو شه‌ڕه‌ی دنیادا دوان و باڵیۆزی هیندستان سوپاسی هه‌وڵه‌کانی پارێزگاری سلێمانی و ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی و فه‌رمانگا په‌یوه‌ندیداره‌کانی کرد بۆ ئه‌م ده‌ستپێشخه‌ریی و کاره‌ هاوبه‌شانه‌.

هه‌ر به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌که‌، بڕیاره‌ سبه‌ینێ پارێزگاری سلێمانی له‌سه‌ر بانگهێشتنامه‌ی فه‌رمیی کۆماری هیندستان، سه‌ردانی ئه‌و وڵاته‌ بکات و په‌یوه‌ندییه‌ کولتوریی و زانستیی و ته‌ندروستیی و بازرگانیی و ته‌کنۆلۆژیی و ژینگه‌یی و کارگێڕیی و گه‌شتیارییه‌کان تاوتوێ بکه‌ن.

هه‌ر له‌ کۆنگره‌که‌دا پارێزگاری سلێمانی له‌ مه‌به‌ستی سه‌ردانه‌که‌ی دوا، که‌ له‌سه‌ر پێشنیازی پارێزگاری سلێمانی، بڕیاره‌ هه‌مو که‌لوپه‌ل و دۆکۆمێنته‌کانی مه‌لیک مه‌حمودی نه‌مر مه‌لیکی کوردستان له‌ هیندستانه‌وه‌ بۆ سلێمانی بگوێزرێنه‌وه‌.

سەرپەیڤ