پەیامی هەڕەشەئامێزی ئەمریکا بۆ عێراق؛ مالیکی خۆڕاگریی دەکا
بەربژارەتی نوری مالیکی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق بووە بە بابەتێکی ئاڵۆزکاو و سنورە ناوخۆییەکانی تێپەڕاندووە.
بەربژارەتی نوری مالکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، بۆ بەدەستەوەگرتنەوەی پۆستی سەرۆک وەزیران لە عێراقدا، بووە بە ئەزموونێکی گرینگ کە تێیدا هاوسەنگیی دەسەڵات لەنێوان واشنگتۆن کە نەیاری ئەو بەربژارەتییە، و توانای پارتە شیعیەکان بۆ سەپاندنی ئەو هەڵبژاردنەیان، لە قۆناخی تاقیکردنەوە دایە. وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاندووە، پەیامێکی ئەمریکا رەوانەی بەغدا کراوە کە تێیدا هەڕەشەی سەپاندنی گەمارۆ بەسەر چەند کەسایەتی و ڕێکخراوی عێراقی و بەرتەسککرانەوەی هاوکاریی بەغداو واشنگتۆن گونجێندراوە.
ژمارێک کەسایەتی سەر بە هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا جەختیان کردووە، مالیکی سورە لەسەر بەربژارەتییەکەی و هەواڵی هاوپێوەند بە پەژیوان بوونەوەی ناوبراو تەنیا بەشێکە لە شەڕی دەروونی و پڕووپاگەندەیی. ئەوان هەروەها پێداگرن لەسەر ئەوەی کە گۆڕانی بەربژار تەنیا بە ڕێککەوتنی ناوخۆی چوارچێوە ئەنجام دەگرێ، نەک لەژێر گوشاری پەیماگەلی دەرەکیدا.
سەلام زوبەیدی، ئەندامی هاوپەیمانیی نەسریش وتی: هیچ حکومەت یان سەرۆک وەزیرانێکی عێراق لەداهاتوودا ناتوانێ بەتەنیا بەرەوڕووی هەڕەشەو گوڕەشەو گەمارۆ و بایکۆتەکانی ئەمریکا بێتەوە، بەتایبەت لە هەلومەرجی ئاڵۆزکاوی سیاسی و ئابووریی ئێستای عێراقدا. بەبڕوای ناوبراو، "پرۆسەی سیاسی لە عێراق گەیشتووەتە چەقبەستوویەکی زەق و هەڕەشەی بایکۆت و گەمارۆ، کێشەیەکی گەورەیە کە بۆ چارەکرانی پێویستە یەکدەنگی و هاوهەڵوێستی بەدی بێ لەنێوان هەموو باڵ و کۆتلە سیاسییەکاندا".
عەبباس عەوادی، توێژەر و شارەزای بواری سیاسی عێڕاقیش وتی کە چوارچێوەی هاواهەنگی بەرەوڕووی کێشەو گرفتی جیددییەو ئەگەر نەتوانێ لەکاتی شیاودا بڕیار بدا، لەوانەیە یەکڕیزیی ناوخۆیی خۆی لەدەست بدات. ناوبراو پێش بینی کرد، ئەو هاوپەیمانییە لەبەر ئەوەی لەباری سیاسییەوە، خاوەن واقع بینیەکی وردە و لەپێناو پاراستنی هاوسەنگیدا، بژاردەیەکی مامنانوەند هەڵدەبژێرێ کە هەم لە زەخت و گوشارەکانی ئەمریکا رزگاری بێ و هەمیش بەڕواڵەت وەک شکستخواردوو، دەرنەکەوێ.