نیسان 10, 2022 09:31 Asia/Tehran
  • جێگری سه‌رۆکی حکومه‌تی ھه‌رێم: کێشه‌ى مووچه‌ کێشه‌ى سلێمانى نیه‌، کێشه‌که‌ کوردستانه‌

قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆکی حکومه‌تی ھه‌رێم رایگه‌یاند، هه‌رێمی کوردستان روبه‌ڕوی قه‌یرانی دارایی بوه‌ته‌وه‌، کێشه‌ی که‌می داهاتی هه‌یه‌ و ئه‌وه‌ش کە له‌ میدیاکان باس ده‌کرێت، ئه‌وه‌ کێشه‌ی سلێمانی نییه‌.

قوباد تاڵه‌بانی له‌په‌راوێزی به‌شداریکردنی له‌کۆڕبه‌ندی ئابوری دێڵفی له‌یۆنان سه‌باره‌ت به‌ دواکه‌وتنی دابه‌شکردنی موچه‌ له‌ سلێمانی له‌ لێدوانێکدا بۆ که‌ناڵی روداو رایگه‌یاند، "ئه‌وه‌ کێشه‌ی سلێمانی نییه‌، ئه‌وه‌ کێشه‌ی که‌میی داهاتی هه‌رێمی کوردستانه‌ و خه‌تای سلێمانی نییه‌".

وتیشی، "هه‌رێمی کوردستان توشی کێشه‌ی دارایی بووه‌، دوور له‌وه‌ی که‌ له‌ میدیاکان باس ده‌کرێت ئه‌وه‌ کێشه‌ی سلێمانی نییه‌، کێشه‌ی که‌میی داهاتی کوردستانه‌، لێره‌ داوا ده‌که‌م واز له‌ سلێمانی بێنن، ئه‌م کێشه‌یه‌ کاریگه‌ریی له‌ هه‌مو هه‌رێمی کوردستان هه‌یه‌".

به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوێکی نوسینگه‌ی جێگری سه‌رۆکی حکومه‌تی هه‌رێمیش، له‌میانه‌ی وتارێکدا قوباد تاڵه‌بانی له‌کۆڕبه‌ندی ئابوری دێڵفی له‌یۆنان رایگه‌یاندوه‌، ئه‌و قه‌یران و گرفتانه‌ی که‌ روبه‌روی هه‌رێمی کوردستان بوونه‌ته‌وه‌ به‌هه‌وڵی تاکه‌که‌سی چاره‌سه‌ر ناکرێن، چونکه‌ کێشه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کان کاریگه‌رییان له‌سه‌ر هه‌موانه‌ بۆیه‌ گرنگه‌ سود له‌ئه‌زمون و شاره‌زایی یه‌کتر ببینین".

وتیشی، "عێراق هێشتا له‌جه‌نگدایه‌ و قه‌یرانه‌کانی چاره‌سه‌ر نه‌کراوه‌، نزیکی حه‌وت مانگ له‌مه‌وبه‌ر هه‌ڵبژاردنمان کرد، به‌ڵام تا ئێستاش نزیک نه‌بوینه‌ته‌وه‌ له‌پێکهێنانی حکومه‌ت، کوردستانیش هه‌رێمێکی سه‌قامگیرتره‌، له‌هه‌مان کاتدا روبه‌ڕوی ئاسته‌نگ و قه‌یرانه‌کان به‌تایبه‌ت قه‌یرانی دارایی بۆته‌وه‌".

 

 

 

سەرپەیڤ