وەزارەتی نەوتی عێراق داوا دەکات هەرێمی کوردستان سەرجەم گرێبەستە نەوتییەکانی بۆ بنێرێت
وەزیری نەوتی عێراق ڕایگەیاند: دەبێت هەرێمی کوردستان سەرجەم گرێبەستە نەوتییەکانی لەگەڵ کۆمپانیا و لایەنی دەرەوە، بۆ حکومەتی عێراق بنێرێت.
بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە میدیاکانی ھەرێمی کوردستان، «ئیحسان عەبدولجەبار» وەزیری نەوتی عێراق لە وتارێکدا کە پەیجی وەزارەتەکەی بڵاویکردووەتەوە ڕایگەیاندووە: دەبێت دەسەڵاتی ئەنجامدانی گرێبەستی نەوتی لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکانەوە بۆ ئەو کۆمپانیایە بگوازرێتەوە کە دروست دەکرێت.
باسی لەوەشکرد، دەبێت هەرێمی کوردستان سەرجەم گرێبەستە نەوتییەکانی لەگەڵ کۆمپانیا و لایەنی دەرەوە، بۆ حکومەتی عێراق بنێرێت.
بەوتەی وەزیری نەوت، دەبێت هەژمارێکی بانکی لە یەکێک لە بانکە جیهانیەکان بکرێتەوە، کە وەزارەتی دارایی خاوەندارێتی دەکات و داهاتی نەوتی هەرێم دەچێتە ئەو بانکەوە.
ئاشکراشی کرد، دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی سەرجەم چالاکییە نەوتییەکان دەسپێردرێت بە کۆمپانیایەکی نەوت، دەسەڵات و پێوەرەکانی کارکردنی کۆمپانیاکە لەلایەن کۆمپانیای نیشتمانیی نەوت و وەزارەتی نەوتی فیدراڵییەوە ئامادە دەکرێت.