نیسان 18, 2022 23:03 Asia/Tehran
  • هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن داوای کۆبوونەوەی پەرلەمان و هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن ‏دەکەن

فراکسیۆنە ئۆپۆزسیۆنەکانی پەرلەمانی کوردستان داوادەکەن کۆبوونەوەی پەرلەمان ‏ئەنجامبدرێت و پرسی هەڵبژاردن یەکلابکرێتەوە لەکاتی خۆیدا ئەنجامبدرێت، بەڵام بە ‏هەموارکردنی یاسای هەڵبژاردنەوە.‏

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیی هاوبەش دا هەریەکە لە فراکسیۆنەکانی کۆمەڵی دادگەری، ‏یەکگرتووی ئیسلامی، نەوەی نوێ و حزبی شیوعی بەپێویستیان زانی “پەرلەمان ‏کارابکرێتەوە و لەو چەقبەستووییە دەربچێت کە تێیکەوتووە”، داوای کۆبوونەوەی ‏پەرەلمان دەکەن.‏

شێرکۆ جەودەت سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان ڕایگەیاند، ‏پەرلەمان لە ئاستێکی باڵادا پەکخراوە و هەریەکە لە پارتی و یەکێتیش یەکتری تۆمەتبار ‏دەکەن بە پەکخستنەکە.‏

عەبدولستار مەجید سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەریش داوایکرد کۆبوونەوەی ‏پەرلەمان ڕێکبخرێت و لەو چەقبەستووییە دەربچێت.‏

فراکسیۆنی نەوەی نوێش هۆشداریی دا و دەڵێت، “تا کۆتایی مانگی ڕەمەزان مۆڵەت ‏دەدەینە سەرۆکایەتیی پەرلەمان، ئەگەر پەرلەمان سەبارەت بە هەمواری یاسای هەڵبژاردن ‏کۆنەبێتەوە ڕێکاری مەدەنیی دیکە دەگرینەبەر”.‏

فراکسیۆنەکانی ئۆپۆزسیۆن هۆشداریشیاندایە سەرۆکایەتیی پەرلەمان کە دەبێت پەرلەمان ‏کارا بکرێتەوە و یاسای هەڵبژاردن هەموار بکرێتەوە و هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا بکرێت، ‏ئەگەر ئەوە نەکرێت خۆپیشاندان و ناڕەزایی سەرتاسەری لە هەرێمی کوردستان ‏ئەنجامدەدەن.‏

سەرپەیڤ