بافڵ تاڵەبانی: پێشھاته‌کان واده‌خوازێت ھه‌مومان په‌رۆشی یه‌کڕیزیی نیشتمانی بین
«بافڵ تاڵه‌بانی» سه‌رۆکی یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستان ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه له‌کۆبونه‌وه‌یه‌کدا له‌گه‌ڵ سه‌رکرده‌کانی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی رایگه‌یاند: پێشھاته‌کان و گۆڕانکارییه‌کان واده‌خوازێت ھه‌مومان په‌رۆشی یه‌کڕیزیی نیشتمانی بین و له خه‌می خه‌ڵک و ئارامیی سیاسی ھه‌نگاوی کرداری بنێین.
بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە ماڵپەڕی خەندان، به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوێکی نوسینگه‌ی راگه‌یاندنی یەکێتیی نیشتیمانی:«بافڵ تاڵه‌بانی»و سه‌رکرده‌کانی چوارچێوه‌ی ھه‌ماھه‌نگی ئەمڕۆ کۆبوونه‌وه‌و له کۆبونه‌وه‌که‌ش دا «ده‌رباز کۆسره‌ت ره‌سوڵ»، کارگێڕی مه‌کته‌بی سیاسی و «خالید شوانی» ئه‌ندامی مه‌کته‌بی سیاسی ئاماده‌بوون به وردی تاوتوێی ئاسته‌نگه‌کانی به‌رده‌م پرۆسه‌ی سیاسی له عێراق و پێک‌ھێنانی حکومه‌تی نوێی عێراق کرا و ھەمووان ھاوڕا بوون لە سەر ئەوەی که په‌له بکرێت له پێک‌ھێنانی حکومه‌تێکی خزمه‌تگوزار و نیشتمانی که ره‌نگدانه‌وه‌ی واقیعی سیاسی و خواستی ئه‌مڕۆی ھاوڵاتیانی عێراق بێت.
ھه‌ر له‌کۆبونه‌وه‌که دوپاتی چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کان له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستوریش کرایه‌وه و په‌نابردن بۆ گفتوگۆ و دیالۆگی بونیادنه‌رانه به ھه‌نگاوێکی ئه‌رێنی وه‌سفکرا له‌پێناو سه‌قامگیری سیاسی، ئابوری و ئه‌منی له وڵات‌دا.
«بافڵ تاڵه‌بانی» راشیگه‌یاند، پێشھاته‌کان و گۆڕانکارییه‌کان واده‌خوازێت ھه‌مومان په‌رۆشی یه‌کڕیزیی نیشتمانی بین و له خه‌می خه‌ڵک و ئارامیی سیاسی ھه‌نگاوی کرداری بنێین له‌پێناو گه‌ییشتن به چاره‌سه‌ریی نیشتمانی.