تەقە و دەسڕێژی تورکیا لە سنوری ئامێدی دو برینداری لێکەوتەوە
ئێوارەی دوێنی ھەینی هێزەکانی تورکیا ناوەندی گوندی کیستەیان لە سنوری ناحیەی کانی ماسێی سەر بە قەزای ئامێدی گوللەباران کرد و لە ئەنجامدا دو ژن برینداربوون، بەمەبەستی چارەسەرکردنیشیان هەردوو بریندارەکە رەوانەی نەخۆشخانەی کانی ماسێ کراون.
بە پێی ھەواڵی میدیاکانی ھەرێمی کوردستان ، ئێوارەی هەینی بنکەیەکی هێزەکانی تورکیا بە هاوەن و دۆشکە ناوەندی گوندی کیستەیان لە سنوری ناحیەی کانی ماسێ کردوەتە ئامانج.
لە ئەنجامی ئەو تەقەیەدا دوو ژنی تەمەن 40 ساڵ و 25 ساڵ برینداربوون، بەمەبەستی چارەسەرکردنیشیان هەردو بریندارەکە لەئێستادا رەوانەی نەخۆشخانەی کانی ماسێ کراون، بەگوێرەی شاهێدحاڵەکانیش برینی هەردوو کەسەکە سوک بووە و تەندروستییان جێگیرە.
ئەوەش لەکاتێکدایە کە ھەردوێنێ لە هێرشێک دا لە قەزاى کەلار لە سنورى ئیدارەى گەرمیانى هەرێمى کوردستان، کە لە رێگەی درۆنێکەوە بوو، چوار کەس کوژران و کەسێکیش بریندار بوو. بە گوێرەى دژە تیرۆری کوردستان ئۆتۆمبێلەکە ئەندامانی (پەکەکە) ى تێدا بووە و درۆنێکى تورکیا هێرشەکەى ئەنجامداوە.