ته‌مووز 07, 2022 07:35 Asia/Tehran
  • سه‌رۆکی یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستان: ڕێککەوتن، سازان و هاوسه‌نگی کلیلی چاره‌سه‌ریی کێشه‌کانه‌

بافڵ تاڵه‌بانی، سه‌رۆکی یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستانی عێراق له‌دیدارێکدا له‌گه‌ڵ ئه‌مینداری گشتیی بزوتنه‌وه‌ی «عه‌سائیبی ئه‌هلی حه‌ق» عێراق رایگه‌یاند: ھەر له‌سه‌ره‌تاوه‌ له‌گه‌ڵ ڕێککەوتن، سازان و هاوسه‌نگی بوین، چونکه‌ پێمان وایه‌ ئه‌وه‌ کلیلی چاره‌سه‌ریی کێشه‌کانه‌.

بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە میدیاکانی ھەرێمی کوردستان، به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوێکی نوسینگه‌ی راگه‌یاندنی سه‌رۆکی یه‌کێتی نیشتیمانی،«بافڵ تاڵه‌بانی» له‌ به‌غدا چاوی که‌وت به‌ «قه‌یس خه‌زعه‌لی»، ئه‌مینداری گشتیی بزوتنه‌وه‌ی عه‌سائیبی ئه‌ھلی حه‌قی عێراق.

ئاماژه‌ به‌وه‌ش کراوه‌، له‌ دیدارەکەدا دوایین هه‌وڵه‌کان بۆ پێکهێنانی حکومه‌تی نوێی عێراق و چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کان تاوتوێکران و جه‌خت له‌ ته‌واوکردنی رێکاره‌ یاسایی و ده‌ستورییه‌کان کرایه‌وه‌ له‌پێناو دروستکردنی حکومه‌تێکی به‌هێز که‌ توانای خزمه‌تکردنی خه‌ڵک، وڵات و به‌دیھێنانی ئامانجه‌ باڵاکانی ھه‌بێت.

«بافڵ تاڵه‌بانی» جه‌ختی له‌ هه‌وڵه‌کانی یه‌کێتی بۆ پێکهێنانی حکومه‌تیش کرده‌وه‌ و رایگه‌یاند: ئێمه‌ ھەر له‌سه‌ره‌تاوه‌ له‌گه‌ڵ ڕێککەوتن، سازان و هاوسه‌نگی دا بووین، چونکه‌ پێمان وایه‌ ئه‌وه‌ کلیلی چاره‌سه‌ریی کێشه‌کانه‌، ئه‌مڕۆش به‌ ھه‌مان ڕوانگەو ستراتیژییه‌وه‌ ده‌مانه‌وێت ئه‌م بنه‌ما سه‌ره‌کییانه‌ که‌ مام جه‌لال له‌ عێراقی نوێ بناغه‌که‌ی دانا، په‌یڕه‌وبکرێت و پێکه‌وه‌ خزمه‌تی ئامانجه‌ باڵاکان بکه‌ین.

سەرپەیڤ