وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان : ئامانجی هێرشەکانی سەر کۆرمۆر تێکدانی سەقامگیریی عێراق
جوتیار عادڵ لەبارەی هێرشەکەی شەوی ڕابردووی سەر کێڵگەی کۆرمۆر، داوای ڕێکاری پێویست لە حکومەتی عێراق دەکات بۆ سنووردانان بۆ ئەو جۆرە هێرشانە.
بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە میدیاکانی ھەرێمی کوردستان، جوتیار عادل وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: بە توندی هێرشەکەی سەر کێڵگەی کۆرمۆر شەرمەزار دەکەین، هێرشەکە لەلایەن میلیشیاو گرووپە چەکدارەکانی دەرەوەی یاسا ئەنجام دراوە، داوا لە حکومەتی فیدراڵ دەکەین، ڕێکاری پێویست بگرێتەبەر بۆ سنووردانان و ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەو هێرشە تیرۆریستیانە.
جوتیار عادل جەختی لەوەش کردەوە، ئامانجی هێرشەکانی سەر کۆرمۆر تێکدانی سەقامگیریی عێراق و گەشەی ئابوریی هەرێمی کوردستانە.
جێگای ئاماژەیە شەوی ڕابردوو بە سێ موشەک هێرشکرایە سەر کێڵگەی کۆرمۆر و بەپێی داتاکانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانیش لە ماوەی دوو مانگدا چوار جار هێرشی لەوجۆرە بۆ سەر ئەم کێڵگەیە ئەنجامی گرتووە.