شاسوار عەبدولواحید: شەممەی داهاتو خۆپیشاندانی سەرتاسەری لە هەرێم ئەنجامدەدەین
شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ رایگەیاند، دەسەڵاتی کوردی بێباکانە درێژە بە چەوساندنەوەی هاوڵاتیان هەرێم دەدات بەبێ بوونی هیچ چاودێرییەک، قەیرانەکان بە جۆرێک زۆرن کە ناژمێردرێن، هەر بۆیە بێدەنگ دانانیشن و شەممەی داهاتو، 6ی ئابی 2022، خۆپیشاندانی سەرتاسەری لەهەرێمی کوردستان ئەنجامدەدەن.
شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ،یەکشەممە لە پەیامێکدا رایگەیاند،"ئەم دەسەڵاتە بێباکانە درێژە بە چەوساندنەوەی هاوڵاتیان هەرێم دەدات بەبێ بونی هیچ چاودێرییەک، قەیرانەکان بە جۆرێک زۆرن کە ناژمێردرێن هەر لە دواکەوتنی موچە و راگرتنی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران و نەبونی هەلی کار و دامەزراندن بۆ دەرچوانی زانکۆ و پەیمانگاکان و ئادەییە پیشەییەکان".
ئاماژەی بەوەشکردوە،" جگە لەوەی ئەم دەسەڵاتە بە نایاسایی باج و سەرانە لە هاوڵاتیان فەرمانبەران و کاسبکاران و دوکانداران دەسەنێت و جگە لە گرانی نرخی سوتەمەنی نرخی کاڵاو شمەکاکان لە بەرزترین ئاستی دایە لەماوەی 20 ساڵی رابردویدا سەرەڕای ئەوەی نرخی نەوت لە بەرزترین ئاستدایە لە جیهان و داهاتی نانەوتی زیادی کروە و پارە لە بەغداوە دێت، بەڵام هیچکام لەمانە نەبونەتە هۆی هەرزانی و چارەسەرکردنی کێشەکان".