بافڵ تاڵەبانی : ئەرکی هەموومانە کار بۆ داهاتوویەکی ئارام و سەقامگیر بکەین
بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دیدارێکدا لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق ڕایگەیاند: ئەرکی هەموومانە کار بۆ داهاتوویەکی ئارام و سەقامگیر بکەین.
بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە میدیاکانی ھەرێمی کوردستان،«بافڵ تاڵەبانی» سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی عێراق لە شاری بەغداد چاوی کەوت بە «عادل عەبدولمەهدی» سیاسەتمەدار و سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق و لە دیدارەکەش دا دوایین گۆڕانکارییە سیاسییەکان و دۆخی ئەمڕۆی عێراقیان تاوتوێ کرد و بە ھەردووکیانەوە جەختیان لە هەماهەنگی و زمانی گفتوگۆ و لێکتێگەییشتن کردەوە لە پێناوی زاڵبوون بەسەر ئاستەنگ و چارەسەرکردنی کێشەکاندا.
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی عێراق ھەر لە دیدارەکەدا پشتیوانیی بۆ هەر هەنگاوێک دووپات کردەوە کە ئامانج لێی گەییشتن بە ڕێککەوتن و سازان لەپێناو زاڵبوون بەسەر ئەم دۆخە نەخوازراوەی ئێستادا بێت و وتیشی: وڵات پێویستی بە قوڵکردنەوەی گیانی تەبایی و ڕێککەوتنی نیشتمانییە لەپێناو گەییشتن بە ئامانجە باڵاکان.
تاڵەبانی پێشی لە سەر ئەوە داگرت کە، لە ئێستادا ئەرکی هەموومانە کە کار بۆ داهاتوویەکی ئارام و سەقامگیر بکەین و خزمەتی زیاتری هاوڵاتییانمان بکەین.
لەبەرامبەردا «عادل عەبدولمەهدی» سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراقیش ستایشی هەوڵەکانی «بافڵ تاڵەبانی»و سیاسەتی دروستی یەکێتیی نیشتیمانیی کرد و وتیشی: یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان درێژە بە سیاسەتە حەکیمانەکەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی دەدات و ئەمەش ئەو سیاسەتە دروستەیە کە وڵات پێویستییەتی و ئەنجامی دڵخۆشکەری دەبێت.