ئاب 26, 2022 10:50 Asia/Tehran
  • وه‌زیری رۆشنبیری و لاوانی هه‌رێمی کوردستان «ئیسماعیل بێشکچی»ی بانگێشتنی هه‌ورامان کرد

«حه‌مه‌ی حه‌مه‌سه‌عید» وه‌زیری رۆشنبیری و لاوانی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان، ڕۆژی پێنجشه‌ممه‌ له‌ڕێگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌کی ته‌له‌فۆنیه‌وه‌، «ئیسماعیل بێشکچی» بانگهێشت کرد بۆ سه‌ردانیکردنی هه‌ڵه‌بجه‌ و هه‌ورامان و به‌سه‌رکردنه‌وه‌ی مۆنۆمێنتی شه‌هیدان.

به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوێکی وه‌زاره‌تی رۆشنبیری و لاوانی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان، «حه‌مه‌ی حه‌مه‌سه‌عید» له‌ په‌یوه‌ندییه‌کی ته‌له‌فۆنیدا له‌گه‌ڵ که‌سایه‌تی ناسراوی تورکیا و دۆستی کورد، «ئیسماعیل بێشکچی» سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ خزمه‌ت و تێکۆشانی «بێشکچی» له‌ پێناو ناساندنی دۆزی دیرۆکیی کورد ده‌ربڕی.

له‌و په‌یوه‌ندییه‌دا، وه‌زیری رۆشنبیری و لاوانی حکومه‌تی هه‌رێم له‌ هه‌واڵی ته‌ندروستیی بێشکچی پرسی و ستایشی خزمه‌ته‌ نه‌مره‌کانی کرد بۆ ناساندنی وێستگه‌کانی ژیانی سیاسی و دیرۆکیی جوڵانه‌وه‌ی رزگاریخوازی کورد.

وه‌زیری رۆشنبیری و لاوان، بانگهێشتی بێشکچی کرد بۆئه‌وه‌ی سه‌ردانی پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ بکات و له‌ نزیکه‌وه‌ وێڕای به‌سه‌رکردنه‌وه‌ی مۆنۆمێنتی هه‌ڵه‌بجه‌ و ناوه‌نده‌ هونه‌ری و رۆشنبیرییه‌کان، سه‌ردانی سروشتی جوانی هه‌ورامانیش بکات. له‌ به‌رامبه‌ریشدا، «ئیسماعیل بێشکچی» وێڕای سوپاسگوزاری بۆ پەیوەندییەکه‌ی وه‌زیری رۆشنبیری و لاوانی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان خۆشحاڵی خۆی بۆ بانگهێشته‌که‌ ده‌ربڕی و هیوای خواست له‌ نزیکترین ده‌رفه‌تتدا ئه‌و سه‌ردانه‌ ئه‌نجام بدات.

سەرپەیڤ