ئه‌یلوول 16, 2022 17:17 Asia/Tehran
  • محه‌مه‌د حاجی مه‌حمود: ئه‌وه‌ی له‌ عێراقدا هه‌یه‌ قه‌یرانی عه‌قڵه‌ ئه‌گه‌ر عه‌قڵ هه‌بوایه‌ ئه‌و هه‌مو قه‌یرانه‌ دروست نەدەبوون

«محه‌مه‌د حاجی مه‌حمود» سه‌رۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان رایگه‌یاند: ئه‌وه‌ی له‌ عێراقدا هه‌یه‌ قه‌یرانی عه‌قڵه‌ ئه‌گه‌ر عه‌قڵ هه‌بوایه‌ ئه‌و هه‌مو قه‌یرانه‌ دروست نەدەبوون.

بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە میدیاکانی ھەرێمی کوردستان: «محه‌مه‌د حاجی مه‌حمود» له‌ لێدوانێکی رۆژنامه‌وانیدا جەختی لەوە کردەوە کە، لەوانەیە له‌دوای نەریتەکانی ئەربەعین ئه‌و به‌ریه‌ککه‌وتنه‌ی نێوان هێز و لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان سه‌رهه‌ڵ بداته‌وه‌، چونکه‌ تا ئێستا هه‌مو بابه‌ته‌کان چاره‌سه‌ر نه‌کراون، چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی کاندیدیان بۆ پۆستی سه‌رۆک وه‌زیران دیاری کردووه‌، به‌ڵام لایه‌نی سه‌در قبوڵیان نیه‌ و نه‌گه‌یشتونه‌ته‌ کاندیدێکی هاوبه‌ش.

وتیشی، "ئه‌وه‌ی له‌ عێراقدا هه‌یه‌ قه‌یرانی عه‌قڵه‌ ئه‌گه‌ر عه‌قڵ هه‌بوایه‌ ئه‌و هه‌مو قه‌یرانه‌ دروست نەدەبوون، بۆیه‌ به‌پێشخستن و دواخستنی هه‌ڵبژاردن کێشەکان چاره‌سه‌ریی نابن.

سه‌باره‌ت به‌ په‌یوه‌ندییه‌کانی نێوان یه‌کێتی و پارتیش، «محه‌مه‌د حاجی مه‌حمود» ئاشکرای کرد، "یه‌کێتی و پارتی خۆیان ئاماده‌کردووه‌ بۆئه‌وه‌ی رێکه‌وتنێک واژۆ بکه‌ن جا ئه‌و رێککه‌وتنه‌ رێککه‌وتنی ستراتیژی بێت یان هه‌ر رێککه‌وتنێکی دیکه‌، وه‌ک ئه‌و پرۆژه‌یه‌ نابێت که‌ «مام جه‌لال» و «مه‌سعود بارزانی» واژۆیان کرد، بڕواناکه‌م به‌شێوه‌ی رێککه‌وتنی ستراتیژی بێت، چونکه‌ کاته‌که‌ و هاوسه‌نگی هێز گۆڕانکاریان به‌سه‌ردا هاتوه‌، حزبی دیکه‌ هه‌یه‌ و ناتوانن خه‌ت به‌سه‌ریاندا بهێنن، به‌ڵام له‌هه‌مو حاڵه‌تێکدا به‌دڵنیاییه‌وه‌ هه‌وڵی چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کان ده‌ده‌ن و ئەگەر بە ستراتیژی بێت یان کاتی و یاخود دێژماوە ئەگەر بێتو یه‌کێتی و پارتی رێکبکه‌ون بە دڵنیاییەوە سەدی حەفتای کێشه‌کانی هه‌رێم چاره‌سه‌ر ده‌بن.

سەرپەیڤ