مەسرور بارزانی : سامانێکی زۆر لە عێراق دا ھەیە، بەڵام بەڕێوەبردنێکی خراپیش ھەیە
«مەسرور بارزانی» سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق لە لێدوانێکدا جەختی کرد: خەڵکی عێراق لە سەرەتایی ترین خزمەتگوزاری بێ بەشن، بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە کە عێراق خاوەنی سامانێکی سرووشتی زۆر نییە، بەڵکو بەڕێوەبردنێکی خراپ لە ئارادایە.
بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە میدیاکانی ھەرێمی کوردستان، «مەسرور بارزانی» سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق لە ئاھەنگی بەگەڕخستنی پاڵاوگەی «لاناز» رایگەیاند: چاوەڕوان بووین دوای پەسەندکرانی دەستوورب عێراق، بەبێ جیاوازی جێبەجێ بکرێت و دەسەڵاتدارانی بەغدا هەموو دەستوور وەکو خۆی ڕاپەڕێنن، کەچی ئەمە رووی نەداو هەندێک کەس بە حەز و ویستی خۆیان لێکدانەوەیان بۆ دەستوور کرد، لە هەندێک شوێنیش دەستووریان یان جێبەجێ نەکرد یان لە بەرژەوەندیی هەندێک کەس جێبەجێ کرا کە بەداخەوە خەڵکی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە لێی سوودمەند نەبوون.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد کە،وەک دەبینین لە زۆر شوێنی تری عێراق خەڵکی ئەم وڵاتە لە سەرەتایی ترین خزمەتگوزاریش بێبەشن، بەڵام دیارە ئەمە بەو مانایە نییە کە عێراق خاوەنی سامانێکی سروشتیی زۆر نییەو دەستکورتە، بەڵکو بەپێچەوانەوە سامانێکی زۆر لە عێراق دا هەیە، بەڵام بەداخەوە بەڕێوەبەرایەتییەکی خراپیش هەیەو پێشلکردنی دەستوور تاوەکو ئێستاش بەردەوامە.
«مەسرور بارزانی» لە دوابەشی وتەکانی دا داوای لە حکومەتی نوێی عێراق و بە دیاری کراوی «محەمەد شیاع سودانی » کرد کە دوای دەستبەکاربوون یاسایەکی نوێ بنوسن بۆ نەوت و گاز کە دواتر لە پەرلەمانی عێراق پەسەند بکرێت.
جێگای ئاماژەیە سبەینێ پێنج شەممە کاتژمێر دووی پاشنیوەڕۆ بە کاتی بەغدا پەرلەمانی عێراق کۆبوونەوەیەک دەکات بۆ لێکدانەوەی دۆسیەی وەزیرە پێشنیار کراوەکانی «محەمەد شیاع سودانی» و متمانەبەخشین بە کابینەکەی.