تشرینی دووه‌م 23, 2022 07:15 Asia/Tehran
  • ھادی عامری: ئه‌گه‌ر سه‌قامگیری به‌رده‌وام بێت ده‌ر‌فه‌تێکی مێژوویی دەڕەخسێت بۆ سه‌رکه‌وتن

«ھادی عامری» لە کۆبوونەوەکەی لەگەڵ «نێچیرڤان بارزانی» سەرۆکی ھەرێمی کوردستان جەختی لە یه‌کڕیزیی سیاسی و نیشتمانیی له‌نێوان هێز و لایه‌نه‌ عێراقییه‌کاندا کردەوەو ڕایگەیاند:ئه‌گه‌ر سه‌قامگیری به‌رده‌وام بێت ده‌ر‌فه‌تێکی مێژوویی دەڕەخسێت بۆ سه‌رکه‌وتن.

بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە میدیاکانی ھەرێمی کوردستان، «نێچیرڤان بارزانی‌» سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان، له‌ درێژەی دیدار و کۆبوونه‌وه‌کانیدا له‌ به‌غدا له‌گه‌ڵ «هادی عامری» سه‌رۆکی کوتله‌ی فه‌تح کۆبووه‌وه‌.

له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌دا دوایین پێشهاته‌کانی دۆخی عێراق و کارنامه‌ و ئه‌رکه‌کانی حکوومه‌تی فیدراڵیی عێراقییان تاوتوێ کرد.

به‌ گوێره‌ی‌ راگه‌یه‌نراوی‌ سه‌رۆکایه‌تی‌ هه‌رێمی‌ کوردستان، «عامری» لە دیدارەکەدا  دووپاتی‌ کرده‌وه‌: ئه‌گه‌ر سه‌قامگیری به‌رده‌وام بێت ده‌ر‌فه‌تێکی مێژوویی دەڕەخسێت بۆ سه‌رکه‌وتن و جگه‌ له‌ لێکگه‌یشتن هیچ ڕێگه‌یه‌کی تر له‌ به‌رده‌م عێراقییه‌کاندا نییه‌، بۆ ئه‌مه‌یش یه‌کڕیزیی سیاسی و نیشتمانیی له‌نێوان هێز و لایه‌نه‌ عێراقییه‌کاندا به‌ پێویست زانی.

لای خۆیه‌وه‌ «نێچیرڤان بارزانی»، پشتگیریی هه‌رێمی کوردستانی بۆ حکوومه‌تی نوێی فیدراڵیی عێراق و سه‌رخستنی کارنامه‌که‌ی ده‌ربڕی و دووپاتی‌ له‌ به‌رپرسیاریه‌تیی هاوبه‌شی نێوان هه‌موو هێز و لایه‌نه‌کان کرده‌وه‌و هه‌روه‌ها به‌غدای به‌ قووڵایی ستراتیژیی هه‌رێمی کوردستان زانی.

سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە سەردانەکەی بۆ بەغدا، جیا لە «ھادی عامری»، لەگەڵ «محەمەد شیاع سودانی» سەرۆک وەزیرانی عێراق، بەڕێزان «نوری مالیکی» و «حەیدەر عەبادی» ھەردووک سەرۆک وەزیرانی پێشووتری عێراق،«فالح فه‌یاز» سەرۆکی ڕێکخراوەی  حه‌شدی شه‌عبی، «قەیس خەزعەلی» سەرۆکی عەسائیبی ئەهلی حەقی عێراق کۆبووەو لە بارەی دوایین پێشهاتەکانی دۆخی سیاسی و تەناهیی عێراق و بەربەستەکانی بەردەم و شەڕی دژی تیرۆرو پشتیوانی کردن لە حکومەتی تازەی عێراق بیروڕای لەگەڵدا گۆڕینەوە.

جێگای ئاماژەیە، لە دوای‌ پێکهاتنی‌ حکومه‌تی‌ نوێی‌ عێراق، ئه‌وه‌ یه‌که‌م سه‌ردانی‌ شاندی‌ کوردستانه‌ بۆ بەغدا له‌و ئاسته‌ باڵایه‌داو بڕیاریشه‌ حکوومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ کوردستان له‌ داهاتوویه‌کی‌ نزیکدا شاندێک ره‌وانه‌ی بەغدا بکات. 

سەرپەیڤ