یەکێتی و پارتی کۆ دەبنەوە
بڕیارە حەوتەی داھاتوو هەردووک مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانیی کوردستان بۆ چارەسەر کردنی گرفتی لایەنەکانیان لەگەڵ یەکتر لە شاری سلێمانی کۆبوونەوەیەک بەڕێوە بەرن.
رۆژی شەممەی داهاتو (2023/1/28)، هەردووک مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانیی کوردستان لە سلێمانی کۆدەبنەوە و گفتوگۆ لەسەر دۆسیەی هەڵبژاردن، پرسی دارایی و کێشەکانی نێوانیان لە حکومەتی هەرێم دەکەن.
بەپێی زانیارییەکان شاندەکەی یەکێتی پێکدێن لە قوباد تاڵەبانی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی، دەرباز کۆسرەت رەسوڵ و ئاسۆ مامەند، کارگێڕانی مەکتەبی سیاسیی، ئەمین بابە شێخ، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و لێپرسراوی مەکتەبی پەیوەندیەکان، دارا رەشید، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی.
هەروەها شاندەکەی پارتیش داگری مەحمود محەمەد، ئەندامی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی و، هێمن هەورامی، عەلی حسێن، پشتیوان سادق، ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و ئومێد سەباح، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتین.
لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبونەوەکەش، سەرچاوەیەک لە یەکێتی نیشتیمانی کوردستانەوە رایگەیاندووە، لەکۆبونەوەی هەردووک مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانیی کوردستان دا گفتوگۆ لەبارەی هەموو گرفتەکانی نێوان پارتی و یەکێتی لەوانە دۆسیەی هەڵبژاردن، ناکۆکی هەردو حزب لەسەر پرسی حکومەت، پرسی ئەمنی و دارایی دەکرێت.