حکومەتی هەرێم پاشەکەوت دەست پێ دەکاتەوە
سەرچاوەیەک لە یەکێک لەوەزارەتەکان رایگەیاند: حکومەتی هەرێم، بەهۆی قەیرانی نەختینە و کەم بوونەوەی داهاتی نەوتەوە، بەڕێژەی 75% نەسریەی وەزیرەکان و دیوانی وەزارەتەکانی بەناوی پاشەکەوتەوە کەم کردووەتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە میدیاکانی هەرێمی کوردستان ، حکومەتی هەرێم لەم مانگەوە نەسریەی وەزیرەکان و دیوانی وەزارەتەکانی بەڕێژەی 75% کەم کردووەتەوە، هۆکاری ئەوەشی بۆ کەمبوونەوەی داهاتی نەوت و قەیرانی نەختینەیی گەڕاندووەتەوە.
هەربەگوێرەی ئەو زانیاریانە، لەئێستادا بەشێکی زۆر لە بانکەکانی هەولێر و دهۆکیش، هاوشێوەی سلێمانی کێشەی سیولەیان بۆ دروست بووەو پارەیەکی کەمیان لەبەردەست دا ماوە، هەربۆیە حکومەت بڕیاری داوە پاشەکەوت لە نەسریەی وەزیرەکان و دیوانی وەزارەتەکان دەست پێ بکات.
لەزانیاریەکاندا ئەوەش خراوەتەڕوو، حکومەتی هەرێم بۆ مانگی (شوبات/2) تەنها 25%ی نەسریەی وەزیرەکان و دیوانی وەزارەتەکانی خەرج کردووە،تاوەکو ئێستاش هیچ وادەیەکی بۆ دانەوەی ئەو 75%یەی دیکە نەخستووەتەڕوو کە وەکو پاشەکەوت لەئەستۆی حکومەت دەمێنێتەوە، لەکاتێکدا کێشە بۆ بەشێک لەوەزارەتەکان دروست بووە بەهۆی ئەوەی ئەو پرۆژانەی لە نەسریەی وەزارەتەکانیان ئەنجامیان داوە، لەئێستادا ناتوانن پارەی پێویستیان بۆ خەرج بکەن.