ھەولێر ھەمیسان ڕێگای بەغدا دەگرێتەوە بەر
حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان رایگه‌یاند: شاندێکی هه‌رێم بەسەرۆکایەتیی وەزیری دارایی و ئابوری سەردانی بەغدا دەکاتەوە بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر پرسی نەوت و درێژەدان بە دانوستانەکانی چارەسەرکردنی کێشەکان.
بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە میدیاکانی ھەرێمی کوردستانی عێراق، حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان ئه‌مڕۆ له به‌یاننامه‌یه‌کدا ڕایگەیاند: ئه‌مڕۆ سێشەممە، شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەسەرۆکایەتیی وەزیری دارایی و ئابوری سەردانی بەغدا دەکاتەوە و بەردەوامی بە دانوستاندنەکان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی دەدەن.
ئەندامانی شاندەکە پێکهاتووە لە «ئاوات جەناب نوری» وەزیری دارایی و ئابوری کە سەرۆکایەتیی شاندەکە دەکات و هەریەک لە «کەمال محەمەد» وەزیری سامانە سروشتییەکان بەوەکالەت و «ئومێد سەباح» سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان.
به‌پێی به‌یاننامه‌که، ئەو شاندەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەرپرسانی عێراق، لە بەغدا گفتوگۆ لەسەر پرسی نەوت دەکەن و درێژە بە دانوستاندنەکان دەدەن بە ئامانجی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوانیان، بڕیاریشە چەند کۆبونەوەیەکی گرنگ لەسەر ئاستی باڵا ئەنجام بدرێت.
جێگای وەبیر ھێنانەوەیە کە له ٢٥ی ئه‌م مانگه‌وە دوای ئه‌وه‌ی کە دادگای ناوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە دۆسیەی هه‌نارده‌کردنی نه‌وتی خاوی هه‌رێمی کوردستان لە بەرژەوەندیی دەوڵەتی ناوەندی بڕیاری دا،هه‌نارده‌کردنی نه‌وتی هه‌رێمی کوردستان له رێگه‌ی تورکیاوە به‌ته‌واوی راگیردرا.