بەغدا و هەولێر ڕێککەوتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستانیان ڕاگەیاند
سەرۆک وەزیرانی عێراق و هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ سێشەممە لە بەغدا ڕێککەوتنێکیان واژۆ کرد بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی فەرمی عێراقی واع، دوای واژۆکردنی ڕێککەوتنی نێوان «محەمەد شیاع سودانی» سەرۆک وەزیرانی عێراق و «مەسرور بارزانی» سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە هەناردەکردنی نەوتی هەرێم، هەردوولا بەشداریی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییان کرد و لە بارەی ئەم ڕێککەوتنە و دەستپێکرانەوەی هەناردەکردنی نەوت لە هەرێمی کوردستانەوە ڕوونکردنەوەیان ئاراستە کرد.
لەم کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەدا سەرۆک وەزیرانی عێراق وێڕای ئاماژە کردن بەوەی کە ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان زیانێکە بۆ داهاتی عێراق، وتیشی: پێویستە لایەنە تەکنیکییەکان دەستبەجێ ئەم ڕێککەوتنە ڕاپەڕێنن و چارەسەریی یاسایی پێویست بخوڵقێنن.
«سودانی» ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم ڕێککەوتنە جەخت لەسەر خواستی بەبڕشتانەی هەردوو حکومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان دەکاتەوە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ هەموو ئەو ئاستەنگانەی کە لە ساڵانی ڕابردوودا دروستبوون، هیوادارین ئەندامانی پەرلەمان بە زووترین کات یاسای بودجەی عێراق پەسەند بکەن.
مەسرور بارزانش وتی: ئەم ڕێککەوتنە هی هەموو گەلی عێراقە. ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، نەک هەر ئەم هەرێمە، کە زیان بە هەموو خەڵکی عێراق دەگەیەنێت، ئێستاش هەمووان سوودمەند دەبن لە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی کوردستان.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانی عێراق ڕاشیگەیاند، هەر دواکەوتنێکی هەناردەکردن کاریگەری لەسەر کۆی داهاتە چاوەڕوانکراوەکانی بودجەی ساڵی 2023 دەبێت. پێویستە هەموو لایەک پابەندی ڕێککەوتننامەی واژۆکراوی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بن و جێبەجێی بکەن.