شەپۆلێکی بەهێزی بارانبارین بۆ ھەرێمی کوردستان بەڕێوەیە
شارەزایەکی بواری کەشناسی رایگەیاندووە: سێشەممە و چوارشەممەی ئەم حەوتەیە شەپۆلێکی بەهێزی بارانبارین ناوچە جۆربەجۆرەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە بە جۆرێک کە لەماوەی سێ ساڵی رابردودا هاوشێوەی نەبووە.
«شاڵاو هیدایەت» شارەزای بواری کەشناسی لەڕاگەیەندراوێکدا جەختی کردووە، لە ئەمڕۆوە تا ناوەڕاستی ئەم حەوتە بەهۆی هاتنی بڕێک هەور ئاسمانی ناوچەکان بەگشتی لەنێوان نیمچە هەوری و هەوری دەبێت، جۆری هەورەکان زیاتر لەهەوری بەرز دەبن و لەهەندێک شوێن ئەگەری نمە باران و بارانی کەم ھەیەو لەزۆربەی ناوچەکانیش کەش سەقامگیر دەبێت، پلەکانی گەرما لەڕۆژانی داهاتودا یەک تا سێ بەرزدەبنەوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لەڕۆژی سێشەممە بەدواوە بەزۆری هەرێمی کوردستان و ناوچەکە دەکەوێتە ژێر کاریگەریی شەپۆلێکی بەهێزی بارانبارینەوە، بەهۆی کاریگەری ناوچەیەکی پەستان نزمی بەرفراوانی دەریای ناوەڕاست و هاتنی تۆپەڵە هەوایەکی شێداری خولگەیی و هێنانی بڕێک شێی دەریای سور لەگەڵ خۆیدا و کارتێکردنی لەسەر دۆخەکە پێشبینی دەکرێت لە ئەمڕۆ سێشەممەوە، سەرەتا شەپۆلی بارانبارین لەناوچەکانی باکورو خۆرئاواوە دەست پێ بکات و بەتێپەڕبونی کات و بەتایبەت شەوی سێشەممە لەسەر چوارشەممە و ھەروەھا ڕۆژانی چوارشەممەو پێنجشەممە سەرجەم ناوچەکان بگرێتەوە.
وەک باسیشی کردووە، ڕۆژانی 12 و 13 ی مانگ شەپۆلەکە قوڵتر دەبێتەوە و دەگاتە لوتکەی بەهێزی و چڕبوونەوە، هاوکات پێشبینیی بڕی باران بۆ ناوچەکان لە 60 میلی مەترەوە تاسەروی 200 میلی مەتریش دەکرێت لەگەڵ ڕوودانی هەورە بروسکەی بەهێزو بەرزبونەوەی ئاستی ئاو و ھەستانی لافاوی کتوپڕ لەسەرجەم ئەو ناوچانەی کە نزمن و مەترسیی لافاویان لێ دەکرێت، خێرایی با لەمەودای شەپۆلەکەدا زیاد دەکات بەتایبەت کاتی تاوە بارانەکان و لەگەڵ بارینی تەرزە بەسەرناوچەو شوێنە جیاوازەکاندا.