دیسانەوە بەسەرھاتی داھاتێکی ون بوو لە ھەرێم دا
سەرباری رادەستکرانی دۆسیەی نەوتی هەرێمی کوردستان بە بەغداد، داهاتی ٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی هەرێم کە کەمتاکوت هەموو رۆژێک دەدرێت بە دوو کۆمپانیای حزبی، دیار نییە.
بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر، رۆژانە لە هەرێمی کوردستان نزیکەی ٥٠ هەزار بەرمیل نەوت دەدرێت بە کۆمپانیای کار و پاڵاوگەی لاناز و پاڵاوگەکانی دیکەی سنووری هەولێر، بەڵام داهاتەکەی دیارنییە و نازانرێت کە ئایا دەگەڕێندرێتەوە بۆ خەزێنەی حکومەتی راسپاردە، یان نا ، ئینجا بڕەکەی چەندەیەو چیی لێ دێت؟.
«بەهجەت ئەحمەد» پسپۆڕی گرێبەستەکانی نەوت لە لێدوانێکدا بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، بەهۆی رادەستکردنی دۆسیەی نەوت بە بەغداد، زۆربەی داهاتە نەوتییەکانی حکومەتی هەرێم بڕدراون، بەڵام داهاتی نزیکەی ٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە دیارنییە کە دەدرێت بە کۆمپانیای کار و پاڵاوگەی لاناز و پاڵاوگەکانی دیکەی سنووری هەولێر.
وتیشی، “لە راپۆرتەکانی حکومەت و کۆمپانیای «دیلۆیت»یشدا باسی داهاتی ئەو ٥٠ هەزار بەرمیل نەوتە نەکراوە و نازانرێت داهاتەکەی چی لێدێت و بۆ کێ و کوێ دەڕوات؟!.