بەغدا ڕوانگەی تازەی خۆی لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند
وەزیری نەوتی عێراق ڕایگەیاندووە، ڕێککەوتن لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە قۆناغی کۆتایی.
«حیان عەبدولغەنی»، وەزیری نەوتی عێراق ئەمڕۆ هەینی لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوەکردووە، حکومەتی ناوەندی گەیشتووەتە قۆناغەکانی کۆتایی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکەی لەگەڵ هەولێر سەبارەت بە دەست پێ کردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لە هەرێمی کوردستانەوە.
ڕاشیگەیاند: کۆمپانیای سۆمۆ کە بەرپرسە لە فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان، دەستی کردووە بە واژۆکردنی گرێبەست لەگەڵ ئەو کۆمپانیایانەی خوازیاری کڕینی نەوتی ھەرێمن.
بە قسەی وەزیری نەوتی عێراق، جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکەی هەرێم و بەغدا گەیشتووەتە قۆناغی کۆتایی و، لەم ڕۆژانەدا هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەست پێ دەکاتەوە.
جێگای ئاماژەیە «محەمەد شیاع سودانی» سەرۆکوەزیرانی عێراق، مانگی ڕابردوو ڕێککەوتنی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستانی ڕاگەیاند.