وەزارەتى کشتوکاڵی هەرێم: لە زۆربەى بەروبوومەکاندا گەیشتووینەتە ئاستى خۆبژێوى
گوتەبێژى وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاوى حکوومەتى هەرێمى کوردستان ڕایگەیاند، لە زۆربەى بەروبوومە کشتوکاڵییەکاندا گەیشتووینەتە ئاستى خۆبژێوى و بەرنامە و پلانى ورد دانراوە بۆ هەناردەکردنیان
هیوا عەلى، گوتەبێژى وەزارەتى کشتوکاڵ ڕاگەیاند: "لە هەرێمى کوردستان 42 جۆر بەربوومى جۆراوجۆرى کشتوکاڵى لەلایەن جووتیارانەوە بەرهەم دەهێنرێت و بە جۆرێک تەنها لە بوارى سەوزە و میوە پێشبینى دەکەین بڕى بەرهەمهێنانی ئەمساڵ بگاتە یەک ملیۆن تۆن".
گوتیشى: "زۆربەى ئەو بەروبوومانە لە ئاستى پێویستى و خۆبژێوى زیاترن، بۆیە هاوشێوەى هەنار و چەند جۆرێکى دى سەرقاڵین ڕێککەوتن لەگەڵ وڵاتان بکەین بۆ ئەوەى دواى بەبڕاندکردنیان، ئەوانیش هەناردەى دەرەوە بکەین".
بە گوتەى هیوا عەلى، وێڕاى پاڵپشتیى مادیى جووتیاران، پلان هەیە کە لە ڕووى شارەزاکردن و کردنەوەى خولیشەوە جووتیاران لە کارى بەرهەمهێنانى بەروبوومە کشتوکاڵییەکان پاڵپشتى بکرێن