ئاب 24, 2023 18:42 Asia/Tehran
  • ناوەندێکی نێودەوڵەتی دارایی و بازرگانی لە سلێمانی دەکرێتەوە

پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند، بۆ یەکەمجار لەسەر ئاستی عێراق و هەرێم ناوەندێکی نێودەوڵەتی بۆ دابینکردنی پاڵپشتی دارایی لە پرۆژە بچووک و مامناوەندەکان دەکرێتەوە و لە رێگەیەوە خاوەنکارەکان یەکدەخرێن و هەلی کاری زیاتر بۆ گەنجان دەڕەخسێنرێت.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، بۆ یەکەمجار لەسەر ئاستی عێراق و هەرێم ناوەندی نێودەوڵەتی بۆ دابینکردنی پاڵپشتی دارایی و پرۆژەی بازرگانی بچووک بەئامانجی رەخساندنی هەلی کار بۆ گەنجان لە پارێزگای سلێمانی دەکرێتەوە.

پارێزگار ئاماژەی بەوەکرد، ئەمە یەکەم سەنتەرە لەسەر ئاستی عێراق و هەرێم کە لەو بوارەدا دەکرێتەوە و خاوەنکارەکان یەکدەخات و بە ئامانجی رەخساندنی هەلی کار بۆ گەنجان کاردەکات.

باسی لەوەشکرد، لەڕێگەی ئەم ناوەندەوە و بە هاوکاری دەستەی مامەڵەی دراو و بانکی ناوەندی عێراق پەرە بە پرۆژە بچووک و مامناوەندەکان دەدرێت و پاڵپشتی داراییان لێدەکرێت.

ئەوەشی خستەڕوو، ئەم ناوەندە دەتوانێت پارێزگای سلێمانی بخاتە قۆناغێکی ئابووری گرنگەوە کە تاکو ئێستا ئەو پارێزگایە بە بنەمای ئاسایش و ئارامی ئابووریی ناسراوە.

 

سەرپەیڤ