ئه‌یلوول 02, 2023 20:06 Asia/Tehran
  • رۆژنامەی ئەلعەرەب: پشكی هەرێم لە بودجە تا كاتێكی نادیار سڕكراوە

پشكی هەرێمی کوردستانی عێڕاق لە بودجەی گشتیی عێراق تا كاتێكی نادیار راگیراوە ، وەك ئەوەی رۆژنامەی (ئەلعەرەب) بڵاوكردووەتەوە.

رۆژنامەكە لە زاری كەسانی ئاگاداری سیاسییەوە بڵاویكردووەتەوە، حكومەتی ناوەند بۆ ئەم مانگەش بڕێك پارە وەك سلفە رەوانەی هەرێمی كوردستانی عێڕاق دەكات، ئەمەش مانای خەرجنەكردنی پشكی هەرێمە لە بودجەدا كە لە حوزەیرانی رابردوو لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە پەسەندكرا.

چوارشەممەی رابردوو شاندێكی حكومەتی هەرێم سەردانی بەغدادی كرد و زنجیرەیەك كۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی حكومیی عێراقیدا ئەنجامدا، بەڵام شاندەكە بێ ئەنجام گەڕانەوە.

دوێنێ سروە محەمەد، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە لێدوانێكدا بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، لە دوایین سەردانیدا، شاندی هەرێم داوای مووچەی مانگەكانی 7 و 8ی لە بەغداد كردووە و لەبەرامبەردا پێشنیازی ناردنی بڕە پارەیەك بۆ هەرێمی كوردستانی عێڕاق كراوە، بەڵام گرفتەكە لەوەدایە حكومەتی عێراق داوای رادەستكردنی تەواوی داهاتی نانەوتیی هەرێمی كوردستانی عێڕاق دەكات، كە ئەوەش پێچەوانەی رێككەوتنەكانە و دەبوو 50%ی داهاتی نانەوتی هەرێم بگەڕێتەوە بۆ عێراق.

ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، بەپێی زانیارییەكانمان بەغداد زیاتر لەوەی رێككەوتنی لەسەركراوە و داوادەكات، هەرچەندە پێشتر رێككەوتن كراوە حكومەتی عێراق ئامادەنییە مووچەی دوو مانگ بنێرێت كە لە هەرێمی كوردستان دوو مووچە نەدراوە، ئێستا عێراق داوای 100%ی داهاتی هەرێم دەكەن و هەناردەی نەوتیش راگیراوە ناتوانرێت مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دابینبكرێت.

هاوكات فازڵ نەبی، بریكاری پێشووتری وەزارەتی دارایی عێراق بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، ئێستا كە یاسای بودجە دەركراوە هیچ رێگایەك بۆ چارەسەركردنی كێشەكان لەبەردەم هەرێم نەماوە و تەنها دەتوانرێت رێككەوتنێكی سیاسی بكرێت.

ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، ئێستا كە یاسای بودجە دەرچووێندراوە ئەگەر وەك خۆی لەسەر هەرێم جێبەجێبكرێت مانگانە لە پشكی هەرێمی كوردستانی عێڕاق 100 ملیار دینارمان بۆ نامێنێتەوە و وتیشی، “هەفتەی رابردوو لەگەڵ چەند بەرپرسێكی عێراق قسەم كردووە هەمان بۆچوونیان هەبووە و پێویستە ئێستا رێككەوتنێكی سیاسی بكرێت بەدەر لە یاسای بودجە كە تێیدا هاوڵاتییان و مووچەخۆرانی هەرێم زیاتر زەرەرمەندنەبن”.

 

 

 

سەرپەیڤ