کانونی دوھەم 10, 2024 11:50 Asia/Tehran

ئیدریس مه‌سعود ئه‌و نانه‌وایه‌ی که‌ له‌ شاری هه‌ولێر ناڕه‌زایه‌تی دژی بڕیاره‌که‌ی مه‌سرور بارزانی سه‌رۆکی حکومه‌ت سه‌باره‌ت به‌ هه‌رزانکردنی نرخی نان نیشاندا ، دوای ده‌ستگیرکرانی له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌کانی هه‌ولێره‌وه‌ ئه‌مڕۆ ئازاد کرا.

ئیدریس دوای ئازادکردنی له‌ گرته‌یه‌کی ڤیدیۆییدا داوای لێبوردنی کرد سه‌باره‌ت به‌و قسانه‌ی له‌سه‌ر بڕیاره‌که‌ی سه‌رۆکی حکومه‌ت کردبووی، له‌باره‌ی دۆخی ده‌ستگیرکردنه‌که‌یه‌وه‌ سوپاسی هێزه‌ ئه‌منییه‌کانی هه‌ولێری کردو وتی:" له‌ شوێنێکی تایبه‌تی دایانناوم و به‌ڕێزه‌وه‌ مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ کردووم". ئیدرس لەگەڵ ژماره‌یه‌ک له‌ نانه‌وا هاوپیشەکانیدا ناڕەزایەتیی دژی بڕیاره‌که‌ی سه‌رۆکی حکومه‌ت نیشانداو وتی:" ئەگەر دەتانەوێت چاکسازی بکەن لە ماڵی خۆتان و لە براو کەسەکانتانەوە دەست پێبکەن". ئه‌م قسانه‌ به‌شێوه‌یه‌کی خێرا تۆڕه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی هه‌رێمی کوردستانی ته‌نیوە. له‌دوای ده‌ستگیرکردنییه‌وه‌، هه‌ڵمه‌تێکی به‌رفراوانی ناڕه‌زایه‌تی له‌ تۆڕه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان بۆ ئازادکردنی ئیدریس رێکخرا.

دوای ئازادبوونی ئیدریسی نانه‌وا، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هه‌ولێر لە کۆنگره‌یه‌کی رۆژنامه‌وانیدا وتی: " ئه‌و که‌سانه‌ی که‌ ویستویانه‌ بۆ مه‌رامێک بابه‌ته‌که‌ ئاوه‌ژوو بکه‌نه‌وه‌، دڵنیایان ده‌که‌ین هه‌وڵه‌کانیان چه‌ند بێت، له‌به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌دا ئیراده‌ی ئێمه‌ زۆر زۆر به‌هێزتره‌ له‌ به‌رگریکردن له‌ حکومه‌ته‌که‌مان".

سەرپەیڤ