ڕەزامەندیی بەمەرجی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەگەڵ ناردنی شایستەی دارایی تازە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان
ئەندامێکی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، سەرۆک وەزیرانی عێراق بەمەرج ڕازی بووە بەوەی شایستەی دارایی تازە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان بنێرێ.
"وەفا محەممەد کەریم" لە دیمانەیەکدا وتی: وەڤدی هەرێمی کوردستان کە لەم دواییەدا سەردانی بەغدای کردبوو، لەبارەی چەند بابەت لەوان، قەیرانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ محەممەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق وتووێژی کرد.
ناوبراو وتی: وەڤدەکەی هەرێمی کوردستان، دوو داوای گرینگی بوو لە سودانی، یەکەم جێبەجێکرانی ڕێککەوتننامەی نیوان بەغداو هەولێر هاوپێوەند بە پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەو ناردنی بەتەواوەتی بۆ هەولێر و داوای دووهەمیش هاوپێوەند بوو بە ناردنی شایستەی سێ مانگ مووچەی دواکەوتووی فەرمانبەرانی هەرێم لەمساڵدا کە سەرۆک وەزیری عێراق ڕەزامەندیی دەربڕی لەگەڵ ناردنی٧٠٠ملیار دینار بۆ هەرمانگێک لەو سێ مانگە بەمەرجی ڕەزامەندیی ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی فیدراڵ لەگەڵ ئەو پێشنیارەدا.
ئەندامی پەدەکە وتیشی: ئەو بابەتە، بەلانی زۆرەوە لەدانیشتنی ئەم حەفتەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق تاووتوێ دەکرێ.