ناڕەزایەتی دەربڕێن بەرامبەر بە نەدرانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان تا جێبەجێکرانی داخوازەکان بەردەوام دەبێ
ئەندامی لیژنەی ناڕەزایەتی دەربڕینەکان لە هەرێمی کوردستانی عێراق پێیداگرت: تا ئەو کاتەی داخوازەکانی خۆپیشاندەران سەبارەت بە نەدرانی مووچەی دواکەوتووی چەن ساڵە نەیەتە دی، ناڕەزایەتی دەربڕین هەر بەردەوام دەبێ.
محەممەد حسێن لە وتووێژێکدا وتی: خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە نەدرانی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کورستان ، هەتا هاتنەدیی داخوازەکانی ناڕازییان و پێدرانی موچەکەیان هەر بەردەوام دەبێ. ناوبراو ڕاشکاوانە ڕایگەیاند کە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە چۆنیەتیی هەڵس و کەوت لەگەڵ ناڕازییان، بەتایبەت فەرمانبەرانی هەرێم، دەستیان داوەتە هەڕەشە و گوڕەشە کردن.
هاوکات ژمارێک ژێدەری هەواڵی لە هەرێمی کوردستان رایانگەیاندووە بە فەرمانی مەسروور بارزانی سەرۆک وەزیران، حکومەتی هەرێمی کوردستان پلەی چوار هەزار پێشمەرگەی بەرز کردەوە، بەڵام هیچ بایەخ نەدراوە بە بەرزکردنەوەی پلەی مامۆستایانی ناڕازی کە بەشێک لە داخوازەکانیان بووە و بۆتە هۆی ڕاگیردرانی پرۆسەی خوێندن لە ئەمساڵدا.