تائێستا هەرێم و بەغدا لەسەر مووچەی پێشمەرگەو هێزە ئەمنییەکان ڕێکنەکەوتوون
تاوەکو ئێستا وەزارەتی دارایی عێراق قایل نەبووە لەسەر بنەمای کۆد مووچەی هێزە ئەمنییەکان بنێرێت و بەنیازە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لەو بڕیارەی ئاگادار بکاتەوە.
میدیای نزیک لە پارتی بڵاویکردەوە، لەسەر داوای وەزارەتی دارایی عێراق، لیستی ناوی هێزە ئەمنییەکان کە بە کۆد ئامادەکراوە، لەلایەن دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی کوردستانەوە بۆ ماوەی دوو رۆژ وردبینی کراوە و نێردراوە بۆ بەغدا، بەڵام پارەکەیان کە زیاتر لە 350 ملیار دینارە نەنێرداوە و لە لیستی دابەشکردنی مووچەدا نەبوون، تاوەکو ئێستا وەزارەتی دارایی عێراق ئامادە نییە بە لیستی کۆد پارەی هێزە ئەمنیەکان بینرێرێت.
وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدڕاڵی عێڕاق داوای کردووە، لیستی مووچەی هێزە ئەمنییەکان و ئەو شوێنانەی کە ماون و ناوەکانیان بە کۆد نێردراوە بۆ بەغدا، لەلایەن دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی کوردستانەوە وردبینی بکرێت و بۆیانی بنێرن.
بڕیارە لە رۆژی شەممەوە دابەشکردنی مووچەی مانگی شوبات دەستپێبکات، بەگوێرەی ئەو لیستەی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بڵاویکردووەتەوە، جگە لە وەزارتی پێشمەرگە، چەند هێزێکی دیکەی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ و سەرۆکایەتییەکانی هەرێمی کوردستان ناویان لە لیستی مووچەدا نییە.