هەرێمی کوردستان زۆری ماوە تا بوون بە ناوچەیەکی یاسامەند
سەرۆکی لیژنەی دەست پاکیی هەرێمی کوردستانی عێراق بە ئاماژە بەوەی کە قەیرانی دراوی هۆکاری سەرهەڵدانی هەموو چەشنە گەندەڵی لە هەرێمی کوردستانە، وتیشی: جێبەجێکرانی بڕیاری سزای زۆرێک لە کاربەدەستانی باڵا هەڵپەسێردراوە، کەوایە کوردستانی عێراق هێشتا زۆر دوورە لەوەی ببێ بە ناوچەیەکی یاسامەند.
دوکتۆر ئەحمەد ئەنوەر سەرۆکی لیژنەی دەست پاکیی هەرێمی کوردستانی عێراق ڕایگەیاند ساڵی دووهەزار و چواردە کە باروودۆخی ئابووری باشتر بوو، گەندەڵیش کەمتر بوو، بەتایبەت کەتنی وەک بەرتیل وەرگرتن، بەڵام دوابەدوای سەر هەڵدانی قەیرانە دراوییەکان، بە فیڕۆدانی بەیتولماڵ و دەسگرتن بە سەر زەوی و زار و هەموو چەشنە گەندەڵیی دیکە پەرەی سەندووە، لە کاتێکدا کە پێش ئەو قەیرانانە، کوردستانی عێراق هەنگاوی باشی بۆ بنەبڕکردنی گەندەڵی هگەڵگرتبوو.
بە پێی ڕێژە و ئاماری دەستەی دەستپاکی، لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا هەشسەد و نەوەد و حەوت دۆسییەی گەندەڵی ڕادەستی دادگە کراوە و سەرجەم سەد و چلو هەشت کەس سزایان بۆ بڕدراوەتەوە و لەو هەژمارەیش بیست و سێ تۆمەتبار جێبەجێکرانی بڕیاری سزاکەیان را گیردراوە کە ئەو کەسانە لە کاربەدەستانی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق دێنە ئەژمار.
دوکتۆر ئەحمەد ئەنوەر لەبارەی جێبەجێ نەکرانی بڕیاری سزای ئەم کەسانە وتی: نەبوونی دادگەی تایبەت بە گەندەڵی لە هەرێمی کوردستانی عێراق، یەکێک لە گرفتەکانی بەردەم ئەم دۆسییانەیە، بە داخەوە دادگەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق لە ماوەی یەک دوو ساڵی ڕابردوودا بەشێوەیەکی بەربڵاو ڕوویان کردۆتە هەڵپەساردنی بڕیاری سزای کاربەدەستانی حکومەتی هەرێم کە ئەوەش پیشاندەری لاوازبوونی یاسا لە هەرێمی کوردستانی عێراقە.