بونیاتنرانی سێ بەنداو لە هەرێمی کوردستان لە لایەن حکومەتی ناوەندەوە
وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق رایگەیاندووە کە پرۆژەی بونیاتنانی سێ بەنداوی مامناوەند لە هەرێمی کوردستان دەست پێدەکات.
عەون زیاب عەبدوڵا وەزیری سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق وتی: لیژنەی تەکنیکیی ئەم وەزارەتخانەیە خەریکی بەڕۆژکردن و نوێکردنەوەی دیزاینی ئەو بەنداوانەیە کە پێشکەشیکراوە لە ناوچەکانی تەقتەق، دڵگە، بەکرمان و مەنداوا کە بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا و گلدانەوەی ئاو بە رێژەی مامناوەند بەکاردەهێنرێن.
وەزیری سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق جەختیشی کرد؛ بەنداوی مەنداوا لەسەر زێی گەورە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بونیاد دەنرێت، بەڵام هێشتا گفتوگۆکان لەگەڵ حکومەتی عێراق سەبارەت بە قەبارەی گونجاوی بەنداوەکە و رووبەری گلدانەوەی ئاو تێیدا تەواو نەبوون.
عەون زیاب عەبدوڵا ئاشکراشیکرد، ئەو سێ بەنداوەی دیکە کە بەتەواویی لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بونیاد دەنرێن، بریتین لە باکرمان، تەقتەق، مەنداوا و دڵگە لەسەر رووباری خازر، زێی بچووک و ناوچەی پشدەر و بڕیارە لەماوەی ئەمساڵ و ساڵی داهاتوودا کارەکانیان تەواو بکرێن، پاش ئەوەی لێکۆڵینەوە و دیزاینەکانیان تەواو دەکرێن.