وادەی بانگەشەی هەڵبژاردن درێژ ناکرێتەوە
سەرۆکی تیمی راگەیاندنی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند، 48 کاتژمێر پێش دەنگدانى تایبەت، بانگەشە ڕادەگیرێت و کاتژمێر 12ى شەوى 15ى مانگیش بانگەشە دەوەستێت و کاتەکەىشی درێژ ناکرێتەوە.
عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی راگەیاندنی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، بەپێی یاسا، وادەی بانگەشەی هەڵبژاردن درێژ ناکرێتەوە و کۆمسیۆن پابەندە بەو وادەیەی کە دیاری کردووە کە 48 کاتژمێرى پێش دەنگدانە. هەروەها وتیشى: دواى ئەوەى بانگەشە ڕاگیرا دەبێت بانگەشە نەکرێت و لایەنە سیاسییەکان پابەندی ئەو وادەیە بن و ڕێنماییەکانى کۆمسیۆن پێشێل نەکەن. سەرۆکی تیمی راگەیاندنی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق وتیشی: لە رۆژی 15ی ئەم مانگە سەعات 12ی شەو بانگەشە کۆتایی دێت و ئەو وادەیە درێژناکرێتەوە. ڕۆژى 20ى ئەم مانگە هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان ئەنجام دەدرێت و هەزار و 191 کاندید پێکەوە ململانێ دەکەن لەسەر بەدەستهێنانى 100 کورسیی پەرلەمانى.