هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی لە هەرێمی کوردستان
خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە هەرێمی کوردستانی عێراق ئەمڕۆ بەڕێوەچوو.
کاتژمێر07:00ـی بەیانیی ئهمڕۆ یەکشەممە دەنگدانی گشتی بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەستى پێکرد. کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق بڵاوی کردەوە، هەژماری گشتی دەنگدەران دوو ملوێن و ٦٨٢ هەزار کەس بووە و ڕێژەى بەشداریى دەنگدەرانیش لە هەرچوار بازنەکەى هەرێم 70% بووە.
بەپێى ئامارەکانى کۆمسیۆن، رێژەی بەشداریکردنى دەنگدەران لە دەنگدان لە پارێزگاى هەولێر 65%، سلێمانی 60%، هەڵەبجە 61%، دهۆک 71% و زاخۆیش 77% بووە. بە گوێرەی داتاکانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، 16 کونسوڵخانەی وڵاتان، 15 ڕێکخراو و 22 دەزگای ڕاگەیاندنی نێودەوڵەتیی، نۆ هەزار و 610 ڕێکخراو و چاودێریی ناوخۆ و 43 هەزار و 139 نوێنەری لایەنە سیاسییەکان چاودێریی پرۆسەی دەنگدانی گشتیی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەکەن.
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ناوی هەزار و 191 کاندیدی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان پەسەند کردبوو.
نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێراق پاش ئەوەی دەنگی خۆی خستە نێو سندووقەوە وتی: بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن پیشاندەری بوونی دیموکراسی لە هەرێمی کوردستاندایە.
سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند کە لە پرۆسەی دەنگداندا هیچ کێشەیەکی تەکنیکی ڕووی نەداوە و ئەنجامی بەراییش لە ٢٤ کاتژمێری داهاتودا ڕادەگەیەندرێ.
محەممەدشیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراقیش لە پەیامێکدا بۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بەڕێوەچوونی سەرکەوتوانەی هەڵبژاردنەکانی پیرۆزبایی کرد.