نامەی کراوەی ئەدهەم بارزانی بۆ سوودانی
لەبارەی دەستدرێژییەکانی تورکیا بۆ سەر خاکی عێراق و سووریا، ئەدهەم بارزانی نامەیەکی کراوەی ناردووە بۆ سەرۆک وەزیرانی عێراق.
ئەدهەم بارزانی لە دەقی نامەکەیدا ڕوو لە سوودانی نووسییەتی: بەرێزتان لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا باس لە چوونی تورکیا دەکەن بۆ ناو خاکی سووریا کە دیارە ئەمە قبووڵکراو نییە و پێویستە سەروەریی ئەو وڵاتە پارێزراو بێت، ئەم ھەڵوێستەی بەرێزتان بێگومان جێگای ڕێزە. بەڵام باشتر وابوو پێش ئەوەی باسی سەروەریی خاکی وڵاتێکی جیرانی عێراق بکەن باسی سەروەریی خاکی عێراقتان بکردایە، عێراق و کوردستانی ئەم وڵاتە کە بەشێکە لە عێراقی ئازاد، ئێستا بەشێک لە خاکەکەیان لە پارێزگای دهۆک و پارێزگای ھەولێر لەلایەن تورکیاوە داگیرکراوە.
ئەدهەم بارزانی لە بەشێکی دیکەی نامەکەیدا بە ئاماژە بەوەی کە ھەندێک لەو خزمەتگوزارییانەی پێشکەشی لەشکری تورکیا لە شوێنە داگیرکراوەکان دەکرێت، لە سەر حسابی دارایی عێراق و ھەرێمی کوردستانە، ئەم پرسیارەی لە سەرۆک وەزیرانی عێراق کردووە کە ئایا داگیرکرانی خاکی عێراق لە لایەن تورکیاوە رێکەوتنە کە ماوەی چەند ساڵە هەر درێژەی هەیە؟