پێداگریی بارزانی لەسەر چارەسەرکرانی کێشەکان لەڕێی وتووێژەوە
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کاتی سەردانی بەغدا وتی: کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دەبێ لە ڕێگای وتوێژ و هاریکارییەوە چارەسەر بکرێن.
نێچروان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەی هاوپەیمانی ئیدارەی حکومەت لەگەڵ محمدشیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق پێیداگرت کە مووچە و شایستەکانی هەرێمی کوردستان دەبێ لە چوارچێوی یاسای بنەڕەتیی عێراقدا دەستەبەر بکرێ. ناوبراو ڕێزی گرت لە هەوڵەکانی سەرۆکوەزیران بۆ بەهێزکردنی پێوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و هیوای خواست کە پاشماوەی کێشە و ناکۆکییەکانیش بە وتووێژ چارەسەر بکرێن. لەم کۆبوونەوەیەدا بابەتی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان وەکوو مەسەلەیەکی تەکنیکی و نە سیاسی لێکدرایەوە و جەختکرا لەسەر پێویستیی جێبەجێکرانی چاکسازیی دراوی و ئابووری.
لەم کۆبوونەوەیەدا ڕووداوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، سەفەرە فەرمییەکانی سەرۆک وەزیران سوودانی بۆ چەندین وڵاتی دۆست و هەروەها پرس و بابەتی دیکەش خرانە بەر باس و لێکدانەوە.
ئێوارەی ڕۆژی ڕابردوو نێچیروان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدای کرد و پاش پێشوازیی گەرمی محمد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە کۆبوونەوەی هاوپەیمانیی ئیدارەی حکومەت بەشداری کرد.