نێچیرڤان بارزانی: پێشوازی دەکەین لە پەسەنکرانی هەمواری یاسای بودجەی فیدڕاڵ
سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی کرد لە پەسەندکرانی یاسای بودجەی فیدڕاڵ لە پەرلەمانی عێراقدا.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی کردووە لە دەنگدانی پەرلەمانی عێراق بۆ پەسەندکردنی یاسای بودجەی گشتی فیدڕاڵ و هەروەها ڕێز و سوپاسی دەربڕی بەرامبەر بە پەرلەمان و هەموو ئەو کەسانەی کە بەشدار بوون لە پرۆسەی ئامادەکردن و پەسەندکردنی ئەم یاسایەدا.
لە بەیاننامەکەی نێچیرڤان بارزانیدا هاتووە؛ ڕێز و سپاسی تایبەتمان ئاراستەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق دەکەین، کە لە دەستپێکەوە بە ڕوانگەیەکی نیشتمانی و بەرپرسانەوە بۆ چارەسەرکردنی پرسەکانی هاوپێوەند بە بودجە، مووچە و دابینکردنی پێداویستییە دراوییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئێمە هاوکاری کردووە. هەروەها ڕێز و سوپاسیش دەردەبڕین بەرامبەر بە شاندی دانوستانکار و لایەنەکانی هاوپەیوەند لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدڕاڵی عێراق.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان جەختیشی کرد کە ئەم هەنگاوە هەنگاوێکی ئەرێنی و هیوابەخشە کە نەک هەر هەرێمی کوردستان لێی سوودمەند دەبێت، بەڵکوو بە سوودی سەرجەم عێراقیش دەبێت.