درێژەی مانگرتنی مامۆستایان و فەرمانبەران لە هەرێمی کوردستان
لە درێژەی مانگرتنی مامۆستایان و فەرمانبەران لە هەرێمی کوردستان، سێ پارتی سیاسی پاڵپشتی خۆیان لە خۆپیشاندانەکەی هەولێر ڕاگەیاند.
سێ پارتی سیاسیی یەکگرتووی ئیسلامی، نەوەی نوێ و بزووتنەوەی هەڵوێست پاڵپشتیی خۆیان دەربڕی لە مانگرتنی مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان. یەکگرتووی ئیسلامی خوازیاری بەشداری بەربڵاوی خەڵک بوو، نەوەی نوێ پێداگری کرد لەسەر ئەوەی بەشداریی ڕاستەوخۆ لە خۆپیشاندان دەکات و بزووتنەوەی هەڵوێستیش جەختی کرد لەسەر ئەوەی کە داکۆکی لە هەموو هەوڵێکی مەدەنی پێویستە. جوڵانەوەی نەوەی نوێ بە راگەیاندنی پاڵپشتی و داکۆکیی خۆی لە ناڕەزایەتی دەربڕینی مامۆستایان لە هەولێر و سلێمانی، پێیداگرت لەسەر پێویستیی بەردەوام بوونی ئەم هەوڵ و چالاکییە مەدەنییانە هەتا دابینکرانی داخوازییەکانی ناڕازییان و لە بەیاننامەیەکیشدا ڕایگەیاند:وەک جوڵانەوەی نەوەی نوێ و فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردسران نەک هەر داکۆکی دەکەین لە خۆپیشاندانەکەی هەولێر، بەڵکوو بەشداریشی تێدا دەکەین. عەلی باپیرسەرۆکی کۆمەڵی دادگەری کوردستانیش بە ڕاگەیاندنی پاڵپشتی لە مانگرتووان و ناڕەزایەتی دەربڕینەکان لە هەرێمی کوردستان، پێیداگرت لەسەر ئەوەی کە بەرپرسیارێتیی گیانی مانگرتووان لە ئەستۆی حکومەتی هەرێمە. سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری هۆشداریشی داوە بە بەرپرسانی هەرێم کە هەرچی زووتر دڵسۆزانە بەدەم هاوار و داواکارییەکانی ناڕازییانەوە بچن، چوونکە داخوازی هەموو خەڵکیشە.هەروەها ژێدەرە هەواڵییەکان ڕایانگەیاندووە؛ هەزاران مامۆستای هەرێمی کوردستان لە سلێمانی و شارەکانی دیکەی هەرێمەوە بەرەو هەولێر وەڕێکەوتوون و گەیشتوونەتە شاری دیگلە، ئەوە لە کاتێکدایە کە هێزی ئاسایشی هەرێمی کوردستان ڕێگاکانی بەرەو شاری هەولێریان داخستووە.