خۆپیشاندانەکان لە هەرێمی کوردستان دوای گیان لەدەستدانی خۆپیشاندەرێکی ناڕازی
دوابەدوای تەقەکردن لە خۆپیشاندەران لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە قەزای وەرتێ، کە لە ئەنجامدا هاوڵاتییەک بە ناوی حەسەن ڕەحمان گیانی لەدەستدا، شەپۆلێکی ناڕەزایەتی جەماوەری لە ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد
دەیان کەس لە دانیشتووانی ناحیەی وەرتێ لە نزیک ڕواندز لە سەر شەقامەکان گردبوونەوە و ناڕەزایەتیان دەربڕی بەرامبەر نەبوونی کارەبا و خزمەتگوزاری شارەوانی. کاتێک هێزە ئەمنییەکانی سەر بە پارتی دەستوەردانیان کرد و ڕاستەوخۆ تەقەیان لە خەڵک کرد، چوار هاووڵاتی بریندار بوون و کەسێکیش بە ناوی حەسەن ڕەحمان کوژرا. حەسەن ڕەحمان کوڕی پێشمەرگەیەکی پێشووی خولی ڕژێمی بەعس بوو. خۆپیشاندەرانی وەرتێ ٢٤ کاتژمێر مۆڵەتیان بە هێزە دەسەڵاتدارەکان داوە تا ئەو کەسەی بەرپرسی تەقەکردن و کوشتنی ئەم هاوڵاتیە دەستگیر بکەن و بیخەنە دادگا. ئەمڕۆ هاوڵاتییان لە ناوچەکانی تری پارێزگای هەولێریش لە شەقامەکان گردبوونەوە و ڕێگا سەرەکییەکانیان داخست و تایەی ئۆتۆمبێلەکانیان سووتاند بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە بەردەوامی قەیرانی دابینکردنی خزمەتگوزاری و سەرکوتی توندوتیژی. لە گوندی کەورگۆسک، خەڵک ناڕەزایی خۆیان دەربڕی بە داخستنی ڕێگای سەرەکی بەهۆی نەبوونی ئاو و کارەباوە. هاوکات دانیشتوانی گەڕەکی کۆرانی عەنکاوە لە ناوەندی شاری هەولێریش لەبەردەم بینای سەرۆکایەتی هەرێم گردبوونەوە و تایەی ئۆتۆمبێلەکانیان سووتاند و شەقامی سەرەکییان داخست، داواشیان کرد کە دۆخی خراپی خزمەتگوزارییە گشتیەکان چارەسەر بکرێت. لە لایەکی دیکەوە، لە بازاڕی ناوەندی شاری سلێمانی، کۆبوونەوەی خۆپیشاندەران لەگەڵ بڵاوەپێکردنی زۆری هێزە ئەمنییەکان بوو، ژمارەیەک هاوڵاتی ناڕازیش دەستگیرکران. سۆران عومەر نوێنەری کورد لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کاردانەوەی هەبوو بەرامبەر بە دۆخی ئێستای هەرێم و نووسیویەتی: چۆن چاوەڕوانی نەزم و دیسیپلین لە چەکێک بین کە بەدەست گەنجێکی بێ مووچە و برسیدایە، ئەمڕۆ کەسانێک کە بە دوای ئاو و کارەبادا دەگەڕێن تەقەیان لێدەکرێت”. داوای لە خەڵک کرد دژی ئەم حوکمڕانییە ڕاپەڕن.