سۆمۆ: گرێبەست لەگەڵ ئەو کۆمپانیایانە کراوە کە بڕیارە نەوتی هەرێمی کوردستان بکڕن
بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای سۆمۆ رایگەیاند، کۆمپانیاکەیان هەموو ئامادەکارییەکی تەواو کردووە و گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیا کڕیارەکان واژۆ کردووە، کە بڕیارە نەوتی هەرێمی کوردستان بکڕن.
عەلی نزار، بەڕێوەبەری گشتیی سۆمۆ راگەیاند، "ئێمە بە تەواوی ئامادەین بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان، ئەوەش هەرکاتێک کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکان لە هەرێمی کوردستان دەست بە رادەستکردنی نەوتی بەرهەمهێنراو بکەن."
رۆژی چوارشەممە ٦-٨-٢٠٢٥، حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاندبوو، "ئەمڕۆ یان سبەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێدەکاتەوە. وەک دەستپێکیش رۆژانە 80 هەزار بەرمیل نەوت وەردەگرین".
هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ٢٣ـی ئاداری ٢٠٢٥ لەسەر سکاڵای بەغدا و بە بڕیاری دەستەی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس راگیراوە. شایانی باسە کە حکومەتی عێراق ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی بە هەناردەکردنەوەی نەوتەوە بەستووەتەوە.