پەیامی نێچیرڤان بارزانی لەبارەی کێشەی مووچە، پێکهێنانی حکومەت و هەڵبژاردن
سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئەم هەڵبژاردنەی بەڕێوەیە "گرنگترین هەڵبژاردنە لەدوای 2005". دووپاتیکردەوە "قووڵایی ستراتیجیی هەرێمی کوردستان بەغدایە"
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان باسی لەوەش کرد، سەرچاوەی هەموو کێشەکانی هەولێر لەگەڵ بەغدا، هۆکارەکەی جێبەجێ نەکردنی دەستوورە. سەرۆکی هەرێمی کوردستان، دەستووری عێراقی "بە گرنگ" ناوبرد و گوتی، دانی بە مافەکانی کورد دا ناوە، بەڵام رەخنەی هەبوو لەوەی وەکو خۆی جێبەجێ ناکرێت. نێچیرڤان بارزانی، لە بەشێکی دیکەی قسەکانی دا گوتی، "دیموکراسییەتی هه ریمی کوردستانیش بێ کێشە نییە، بەڵام پێمان وایە لەسەر رێچکەیەکی دروستین. لەبارەی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراقیش گوتی، "دوای 2005 ئەمە گرنگترین هەڵبژاردنە لە عێراق. ئەمە قۆناخێکی نوێیە لەم وڵاتە و دەبێ هەموو عێراقییەکان بە گرنگ بزانن و هەست بە بەرپرسیارێتی بکەن. دەبێ خۆمان بسەلمێنین، کە بوونی کورد لە بەغدا سەرچاوەی هێزە بۆ هەرێمی کوردستان".