کشانەوەی یەکێتی نیشتمانی لە حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق
https://kurdish.sahartv.ir/news/کوردستانی_عێراق-i447960-کشانەوەی_یەکێتی_نیشتمانی_لە_حکومەتی_هەرێمی_کوردستانی_عێراق
بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی نیشتمانیی کوردستانی عێراق، هەڕەشەی پێکهێنانی حکومەتی هاوتەریب لە سلێمانی و گەڕانەوە بۆ سەردەمی دوو ئیدارەیی لە هەولێر و سلێمانیی کرد .
(last modified 2026-11-07T10:05:08+00:00 )
تشرینی دووه‌م 07, 2026 08:55 Asia/Tehran
  • کشانەوەی یەکێتی نیشتمانی لە حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق

بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی نیشتمانیی کوردستانی عێراق، هەڕەشەی پێکهێنانی حکومەتی هاوتەریب لە سلێمانی و گەڕانەوە بۆ سەردەمی دوو ئیدارەیی لە هەولێر و سلێمانیی کرد .

 

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان بەڕاگەیاندنی هەواڵی کشانەوەی پارتەکەی لە حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێڕاق و رەت کردنەوەی ڕەوابوونی بڕیارەکانی ئەم دواییەی پەرلەمان لە هەولێر، هەڕەشەی کرد داڕشتێکی حکومەتیی هاوتەریب لە سلێمانی پێک دێنێ. هەڵوێستێک کە دەتوانێ هەرێمی کوردستان جارێکی دیکە بگەڕێنێتەوە بۆ بارودۆخی پێش ساڵی ٢٠٠٣و سەردەمی دەسەڵاتدارەتی دوو حکومەت و دوو ئیدارەیی لە هەولێر و سلێمانی.

تاڵەبانی لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا وێڕای ڕەخنەگرتنی توند لە هەوڵەکانی ئەم دواییەی پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕایگەیاند کە یەکێتی نیشتمانی هیچ کام لە بڕیارەکانی پەرلەمانی هەرێم و حکومەت یان بەرپرسەکانی بەڕەسمییەت ناناسێ. ئەو هەڵوێست گرتنە دوای بەڕێوەچوونی دانیشتنی دەسبەکارکردن و کاراکرانەوەی پەرلەمانی هەرێم لە هەولێر ئەنجامی گرت، کۆبوونەوەیەک کە لەکۆی ١٠٠پەرلەمانتار، ٥٢یان ڕازیی بوون پەرلەمان کارا بکرێتەوەو دەس بە چالاکییەکانی بکاتەوە. ئەو کۆبوونەوە لەلایەن پێنج ڕەوتی سیاسی بریتی لە؛ یەکێتی نیشتمانیی کوردستان، یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان، ڕەوتی هەڵوێستی نیشتمانی و بزووتنەوەی نەوەی نوێ، بایکۆت کرابوو. پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لەماوەی دوو ساڵی ڕابردوو، لەبەر ناکۆکیی بنەڕەتیی نێوان دوو جەمسەری سەرەکیی دەسەڵات لە هەولێر و سلێمانی، کۆنەبۆوەو ناکۆکی لەسەر دابەشکرانی دەسەڵات و بەڕێوەبەرایەتی دەزگەکانی هەرێم، ڕێگربوو لە دەسبەکار کردنەوەی. سەرۆکی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان، کۆبونەوەی ئەم دواییەی پەرلەمانی بەناڕەوا لێکدایەوەو وەک کۆبوونەوەیەکی پێکهاتەیی پارتی دیموکرات وەسفی کرد. ناوبراو هەروەها پارتی دیموکراتی بە پشت گوێ خستنی ئیرادەی دەنگدەران، لەگوشارنانی پەرلەمانتاران و کەڵک وەرگرتن لە ژێدەرە دراڤییە گشتییەکان بۆ بەرەوپێش بردنی ئامانجە سیاسییەکانی، تۆمەتبار کرد. ناوبراو بە پێداگریی لەسەر ئەوەی کە یەکێتی نیشتمانی بڕیاردانەکانی هەولێر قەبووڵ ناکا، ڕوو لە ڕێبەرانی پارتی دیموکرات هۆشداریی دا، ئێمە ناچار بە کاردانەوە مەکەن. هەر کارێک کە ئێوە لەوێ کردتتان، ئێمەش لێرە دەیکەین. ئەگەر سەرۆکی هەرێم هەڵبژێرن، ئێمەش سەرۆک دیاریی دەکەین، ئەگەر وەزیر دەسنیشان بکەن، ئێمەش وەزیر دیاریی دەکەین و ئەگەر سەرۆک وەزیران هەڵبژێرن، ئێمەش سەرۆک وەزیران هەڵدەبژێرین. ئەو قسانە بەلەونێکە کە دەکرێ وەک هەڕەشەی گەڕاندنەوەی هەرێمی کوردستان بۆ سەردەمی پێش ساڵی ٢٠٠٣ لێک بدرێتەوە کاتێک کە دوای ناکۆکیی و تێکهەڵچوونە ناوخۆییەکانی نێوان پارتی دیموکرات و یەکێتی نیشتمانی، دوو حکومەت و دوو ئیدارەیی لەهەولێر وسلێمانی چالاکیان دەکرد. سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەی، حکومەتی ئێستای هەرێمی بە حکومەتێکی شکستخواردوو وەسف کرد و وتی کە ئەو حکومەتە سەرباری زیاتر لە دوو ساڵ چالاکی لە دۆخی کاربەڕێکەردا، نەیتوانیوە کێشەی ئابووری و گوزەرانی هاونیشتمانیان چارەسەر بکا. ناوبراو بەئاماژە بە قەیرانی درانی مووچەی فەرمانبەران و جیاوازیی نرخی نەوت و بەرووبوومەکانی سووتەمەنی لەنیوان هەرێم و ناوچەکانی ژێرچاودێریی حکومەتی ناوەندیی عێڕاق، رایگەیاند، یەکەم بڕیارمان کشانەوە لەو حکومەتە شکستهێناوەیە کە خۆی بە حکومەتی هەرێمی کوردستان ناو دەبات.