ڕووداوەکانی جیهان لەسەد چرکەدا 01-06-2025/ کوشتاری تۆقێنەر لە بنکەی بڵاوکردنەوەی خۆراک لە غەززە
کاتی بڵاوبوونەوە: 11:30
01
کوشتاری تۆقێنەر لە بنکەی بڵاوکردنەوەی خۆراک لە غەززە
ژێدەرە فەلەستینیەکان ڕایانگەیاند لە تەقەی هێزی داگیرکەری زایۆنی بەرەو ژمارەیەک لە شاروومەندانی فەلەستینی کە بەرەو بنکەی بڵاوکردنەوەی یارمەتییە مرۆییەکان لە ناوچەی ئەلمەواسی لە ڕۆژاوای ڕەفەح دەڕۆیشتن، لانیکەم ١٠ فەلەستینی شەهید بوون و زیاتر لە ١٢٠ کەسیش بریندار.
02
وتوێژی تەلەفۆنی بەڕێوبەری گشتیی ئاژانسی وزەی ئەتۆمی لەگەڵ عەراقچی
وەزیری دەرەوەی ئێران لە وتوێژی تەلەفۆنی لەگەڵ ڕافائێل گرۆسی بە ئاماژە بە هاریکاری بەردەوامی ئێران لەگەڵ ئاژانس، ئەنجامدرانی هەموو چالاکییەکی ئەتۆمی ئێران لەژێر چاودێری و کۆنترۆڵی ئاژانس و لە چوارچێوەی ڕێککەوتننامەی سیستەمی کۆنترۆڵ و چاودێری، داوای لە بەڕێوبەری گشتی ئاژانس کرد ڕاستییەکان بخاتە بەردەست.
03
ئاشتی لە تورکیا بەبێ خواستی خەڵک گونجاو نییە
تولای حاتەم ئۆغوڵاری، سەرۆکی هاوبەشی پارتی دیموکراسی و یەکسانی گەلان (دەم پارتی) ڕۆژی ڕابردوو جەختی کردەوە؛ ڕێگای ئاشتی تەنیا لە پەرلەمان تێناپەڕێت، بەڵکوو کۆمەڵگا و ویست و خواستی خەڵکیش دەبێت لەبەرچاو بگردرێت.
04
داکۆکی لایەنگرانی پاریسەن ژێرمەن لە فەلەستین
لایەنگرانی تیمی پاریسەن ژێرمەنی فەڕەنسا لە فیناڵی لیگی پاڵەوانانی ئەورووپادا لە ناوەوە و دەرەوەی یاریگەی ئالیانس ئەڕنای شاری مۆنیخی ئەڵمان دەستیان دایە پاڵپشتی کردنی فەلەستین.
05
٧٦ کوژراو و بریندار بە هۆی ڕووخانی پردێک لە ڕووسیا
میدیاکانی ڕووسیا ڕایانگەیاند بە هۆی ڕووخانی پردێک لە پارێزگای بریانسک لە کاتی تێپەڕینی شەمەندەفەردا، 7 کەس کوژراون و 69 کەسیش بریندار بوون. دوابەدوای ئەم ڕووداوە شەمەندەفەرەکە لە ئاسنەڕێکەی ترازاوە.