ڕووداوەکانی جیهان لەسەد چرکەدا 02-06-2025/ هێرشی بەسەدان زایۆنی بۆسەر مزگەوتی ئەقسا
کاتی بڵاوبوونەوە: 16:30
1
هێرشی بەسەدان زایۆنی بۆسەر مزگەوتی ئەقسا
بەسەدان شارۆچکەنشینی زایۆنی ئەمڕۆ لە شاری قودس هێرشیان کردەسەر مزگەوتی ئەقسا. شارۆچکەنشینانی زایۆنی لەو پەلامارەدا، بێ ڕێزیان کرد بە مزگەوتی ئەقساو کاری دنەدەرانەیان ئەنجام دا. ئەو هێرش و دەسدرێژکارییە بەپاڵپشتیی چەکدارانی زایۆنی ئەنجامی گرت.
2
تورکیا بەردەوامە لە پێشرەوییەکانی لەناو خاکی هەرێمی کوردستاندا
بەرپرسێکی ئەمنیی عێراقی وتی: تورکیا بەردەوامە لە هێرش و پێشڕەوییەکانی لەناو خاکی هەرێمی کوردستان و ئامادەیی سەربازییان کەم نەکردوەتەوە، سەرەڕای بڕیاری چەکدانان لەلایەن پەکەکەوە، لە هەفتەی ڕابردوودا تورکیا 25 هێرشی بۆ ناوچەکانی پارێزگای دهۆک ئەنجامداوە.
3
بەقایی: ڕاپۆرەکەی ئاژانس لەژێر گوشاری چەند وڵاتی ئوروپایی ئامادەکراوە
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوە ڕاپۆری ئەم دواییەی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ئەتۆمی بە چەشنێک زەقکردنەوەی چەند بابەتێکی تەکنیکی ناوبردو وتی: ئەو ڕاپۆرە، لەژێر کاریگەریی و گوشاری ژمارێک وڵاتی ئوروپایی ئامادە کراوە.
4
شاندێکی ئۆکرانیا گەیشتە ئەستەمووڵ
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئۆکرانیا ڕایگەیاند، شاندی دانوستانکاری ئەو وڵاتە گەیشتووەتە ئەستەمووڵی تورکیا بەمەبەستی بەشداربوون لە خولی دووەمی دانوستان لەگەڵ ڕووسیادا.
خولی دووەمی دانوستانەکانی ڕووسیاو ئۆکرانیا ئەمڕۆ لەکاتێکدا بەڕێوەدەچێ کە ئۆکراین دوێنێ هەواڵی هێرشی بەرفراوانی خۆفڕیی بۆسەر چوار پێگەی ئاسمانیی ڕووسیای بڵاو کردەوە.
5
درێژەی ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانی کەنادا
بەهۆی بەردەوامیی ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانی کەنادا زیاتر لە٢٥هەزار کەس لە دانیشتووانی سێ پارێزگای ئەو وڵاتە ناچاربوون ماڵ و حاڵیان جێ بێڵن.
لە "ئایداهو"ی ئەمریکاش ئاگرکەوتنەوەی بەرفراوان، بووەتەهۆی لەناوچوونی لانیکەم١٠٠دۆنم لە دارستانەکان.