ڕووداوەکانی جیهان لەسەد چرکەدا 28-07-2025/ ئەنساروڵڵای یەمەن: هەڵمەتی سەربازیمان پەرەپێ دەدەین
کاتی بڵاوبوونەوە: 11:30
١
ئەنساروڵڵای یەمەن: هەڵمەتی سەربازیمان پەرەپێ دەدەین
"یەحیا سەریع" وتەبێژی سەربایی ئەنساروڵڵای یەمەن وتی: لەبەر ئەو ژینۆسایدەی ئێستا لە غەززەدا ئەنجام دەگرێ، یەمەن بەرەوڕووی بەرپرسیارەتیەکی دینی و ئەخلاقیی مەزنە.
وتەبێژی ئەنساروڵڵا هەروەها ڕایگەیاند؛ ئێمە بڕیارمان داوە، هەڵمەتە سەربازییەکانمان پەرەپێ بدەین و قۆناخی چوارەمی گەمارۆدانی دوژمن دەس پێ بکەین. لەو قۆناخەدا هەموو ئەو کەشتیانە بەئامانج دەگرین کە کۆمپانیاکانیان لە بەندەرەکانی فەلەستینی داگیرکراو، خەریکی چالاکین.
٢
حەماس: دانوستان لە بارودۆخی گەمارۆ و قات و قڕییدا بێ مانایە
"خەلیل ئەلحەییە" یاریدەری سەرۆکی مەکتەب سیاسیی حەماس لە قەتەر ڕایگەیاند، دانوستانەکانی ئاگربەس لە بارودۆخی "گەمارۆ و قات و قڕیی" دا بێ مانایە.
وتیشی: ڕادەستکرانی خێرا و شەڕافەتمەندانەی خواردەمەنی و دەرمان بە خەڵکی ئەو دەڤەرە، تەنیا نیشانەی جیددیی و راستەقینەی گرینگ بوونی درێژەی دانوستانەکانە.
٣
١٥هەزار ئاوارەی عێراقی لە کەمپی"هۆل" گەڕێندرانەوە
وەزارەتی کۆچبەریی عێراق ڕایگەیاند: هەڵمەتی گەڕاندنەوەی ئاوارە عێراقییەکان لە کەمپی هۆل هەروا درێژەی هەیەو تائێستا نزیک بە١٥هەزار هاووڵاتیی عێراقی لەو کەمپە، گەڕاونەتەوە وڵاتەکەیان کە لەو هەژمارە، دە هەزار کەسیان گەڕاونەتەوە ناوچە سەرەکییەکانی نیشتەجێبوونی خۆیان.
4
دیمەنگەلی سامناکی ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانی تورکیا
ئاگرکەوتنەوەی بەرفراوان لە ناوچە دارستانیەکانی تورکیا، بووەهۆ هەتا دوو هەزار هاووڵاتیی تورکیا ماڵ و حاڵیان جێ بێڵن.
ئاگرکەوتنەوەکانی شەوی شەممەی بەرزارییەکانی دەورووبەری شاری بورسا لە باکوری رۆژاوای تورکیا، لەبەر گژەی قورسی با، تاوی سەند و دیمەنی زۆر سامناکی بەدیهێنا.
٥
لادانی شەمەندەفەر لە ئاسنەڕێ لە ئاڵمانیا
سەرچاوە هەواڵییەکان ڕایانگەیاند، لادانی شەمەندەفەرێکی موسافیرهەڵگر لە ئاسنەڕێ لە باشوری رۆژاوای ئاڵمان، لانیکەم چوار کوژراو و چەند برینداری لێکەوتەوە. ئەو شەمەندەفەرە هەڵگری نزیک بە ١٠٠ موسافیر بوو.